ناوەندی هەواڵەكان
ئەمەریكا داواكاری سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ واشنتن ڕەت كردەوە، كە هەفتەی ڕابردوو داوای كردبوو سەردانی واشنتن بكات، بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بە كێشە و نیگەرانییەكانی نێوانیان.
ئاژانسی فرانس پرێس، سەبارەت بە پێشكەش كردنی داواكارییەكی ئێران بۆ ئەوەی حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەمریكا بكات، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، دوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆرك، وەزیری دەرەوەی ئێران داوایەكی پێشكەش بە ئەمریكا كردووە بۆ ئەوەی سەردانی واشنتن بكات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بە كێشە و نیگەرانییەكانی نێوانیان كۆببێتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داواكارییەكەی ڕەت كردەوە.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئێمە پابەندین بە ڕێگەدان بە سەردانی بەرپرسانی ئێران و بەرپرسانی وڵاتان بۆ نیۆرك، بۆ بەشداری كردن لە كارەكانی پەیوەست بە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام ناتوانین ڕێگەیان پێ بدەین سەردانی واشنتن بكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، بە لەبەرچاوگرتنی دەستبەسەركردنی هاوڵاتییان و پسپۆرانی ئەمریكی لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها پاڵپشتی ئێران بۆ تیرۆر، پێمان باش بوو ئەم داواكارییە ڕەت بكەینەوە.
شایانی باسە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ پایتەختی ئەمریكا ١٤ ساڵ لەمەوبەر بوو.
هـ.ئ
Comments are closed.