جوانا سنە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- ، لەبارەی بێسەر و شوێن بوونی ئەندامێکیان بەناوی “وریشە مورادی” بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لە نزیک شاری سنە ڕفاندوویانە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لەبارەی بێ سەرو شووێن بوونی، وریشە مورادی، ناسراو بە “جوانا سنە” بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، تێیدا داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ سۆراخکردنی چارەنووسی ئەو هەڤاڵە ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “١ـی ئابی ئەمساڵ ئەندامێکمان لە کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، بە ناوی وریشە مورادی، بە نازناوی ڕێکخستنی “جوانا سنە”، کە بۆ ئەنجامدانی چالاکی سیاسیی و ڕێکخستنیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە لە نزیک شاری سنە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی وریشە مورادی، تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسی نەخستووەتەڕوو، ئەمەش نیگەرانی خێزان و ڕێکخستنەکەمانی لە بارەی دۆخی “جوانە سنە”وە زیاتر کردووە.

ئەوەش هاتووە، “لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هەڤاڵ جوانا سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە گیانی ئەندامەکەمان”، لە کۆتاییدا داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کراوە، هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن.

شایەنی باسە نزیکەی، دوو مانگ بەسەر دیارنەمانی وریشە مورادی تێدەپەڕێت، سەرباری هەموو هەوڵ و سۆراخکردنەکانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نەزانراوە.

ش. ئـ

Comments are closed.