کۆیە
هێرش و بۆردوومانەكانی دەوڵەتى داگیرکەری تورك لەناو خاكی هەرێمی كوردستان درێژەى هەیە و هیچ هەڵوێستێکی جدیش بۆ ڕاگرتنى ئەو هێرشانە لەلایەن حکومەتى عێراق و هەرێمەوە لە ئارادا نییە، بەشێک لە هاوڵاتییانش دەڵێن: هێزێكی سیاسی لە هەرێم لەپێناو بەرژەوەندی حزبی خۆی قوربانی بە گەلەكەی دەکات.
دەوڵەتى داگیرکەری تورک هەر لە زاپەوە هەتا پێنجوێن لە هێرشە داگیرکارییەکانى خۆی بەردەوامە و لەناو شارەکانیش ئازادیخوازان و وڵاتپارێزان تیرۆر دەکات، بەڵام نە حکومەتى هەرێم و عێراق نە لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستیان لەسەر ئەو هێرشانە نییە، بەشێک لە هاوڵاتیان و چالاکوانیش داوای هەڵوێست لە هەردوو حکومەت دەکەن و هاوکات داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان دەکەن بۆ ئەوەى کۆتایی بەو هێرشانە بهێنرێت.

هاوار فەتاح هاوڵاتییەكی شارۆچکەی كۆیەیە و دەڵێت: توركیا ئامانجی داگیركردنی خاكی هەرێمە، ئەوەی دەیكات پێشێلكردنی سەروەریی خاکی عێراقە، بۆیە دەبێت عێراقیش لە سەر بەزاندنی سیادەی سنوورەکانی خۆی بەرامبەر توركیا بێدەنگ نەبێت تاوەكو چیتر ئەو هێرشانە بەردەوام نەبن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكومەتی هەرێم و هێز و لایەنە سیاسییەكان بە توندی وەڵامی دووژمن بدەنەوە نەك بەم شێوەی ئێستا بێدەنگ بن.
دەشڵێت: بەداخەوە هێزەكانی دەسەڵاتداران لە باشووری كوردستان دابەش بوون بەسەر دەوڵەتانی هەرێمی، بۆیە ئەوەی بەسەرماندا دێت دەستی ناوخۆی تێدایە هێزێكی كورد بووەتە كەوا سوری بەر لەشكری بێگانە، ئەمەش لە پەرتەوازەیی و یەكنەگرتنی كوردەوەیە كە دووژمن دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی هێرش بكاتە سەرمان و هەوڵی سڕینەوەمان بدات.

عەزیز شەریف هاوڵاتییەكی دیکەیە لە شارۆچکەی کۆیە و باس لەوە دەکات، كوردستان هەر چوار لای دووژمنە و دەیانەوێت ئەو دەستکەوت و كیانەی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هاتووە ئەویش داگیر بكەن و لە ناوی ببەن.
وەک ئەو هاوڵاتییە باسی دەکات، لەگەڵ ئەوەی كورد دووژمنی زۆرە، بەڵام خیانەت و جاشایەتی بۆ ئەو وڵاتانە هۆكاری سەرەكین تا داگیركەران ئامانجەكانیان بپێكن، ئەگەر دەستی ناوخۆیی نەبێت دووژمن چۆن دەتوانێت لە فڕۆكەخانەی عەربەت بدات.
عەزیز شەریف دەشڵێت: پێویستە گەلی كورد یەكگرتوو بن، چونكە گەر یەك نەبین هەموومان لەناو دەبەن، ئەوەی توركیاش بەرامبەر بە باشوور ئەنجامی دەدات جگە لە داگیركاریی و سڕینەوەی گەلی كورد هیچی تر نییە.
هەر لەسەر پرسی هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک و نەبوونى یەکڕیزیی لە ناوخۆی کورددا، ئاكۆ محەمەد چاودێری سیاسی بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: هەمووان دەزانین دەوڵەتی توركیا دووژمنی گەلی كوردە لە هەر شوێنێك بێت،لە باكوور یان باشوور یان ڕۆژئاوا یاخود ڕۆژهەڵات جیاوازیی نەكردووە، دەكرێت ئەو كردەوە تیرۆریانەی دەوڵەتی توركیای فاشیست بكەینە دەرفەتێك بۆ یەكخستنی ناو ماڵی كوردی و یەكگرتووی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان.
ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە کە مێژوو سەلماندوویەتی هەر كاتێك كورد لە ناوخۆی یەك هەڵوێست بوو بێت دووژمنانی كەمتر توانیویانە زەفەری پێ ببەن، بە پێچەوانەشەوە گەر پەرتەوازە بووبێت باشتر توانیویانە پیلانەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.

ئاكۆ محەمەد داواكارە کە كورد یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بێ بەرامبەر بە توركیا، هەم دەوڵەتی عێراق لە ڕێگەی یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە سنوورێك بۆ هێرشەكانی توركیا دابنێت، هاوكات دەوڵاتانی جیهان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ئەمەریكا چیتر بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر خواستی داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر گەلی كوردستان.
سەبارەت بە هێرش بۆ سەر فرۆكەخانەی عەربەتیش چاودێرە سیاسییەکەی هەرێم دەشڵێت: بێدەنگی بەرامبەر ئەو هێرشە پێمان دەڵێت كورد هێزێكی ناوخۆیی هاوكارە لەوەی دەوڵەتی توركیا بە ئاسانی دەتوانێت هەر كاتێك لە هەر شوێنێك بێت بۆردوومان بكات، بۆیە هێزێكی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی خۆی قوربانی بە گەلەكەی دەدات.
هـ.ح
Comments are closed.