ژنانی هۆزە ڕەسەنەکانی نیوزیلاند کەلتووری دێرینیان دەپارێزن

ناوەندی هەواڵەکان

بەدەر لە پرسە سیاسییەکان، بەهۆی نەخش و دەق’ـە کوتراوەکەی سەر ڕووخساری و گەیاندنی پەیام بە زاراوەی ڕەسەنی هۆزەکەی، لەگەڵ هەر دەرکەوتنێکیدا، وەزیری دەرەوەی نیوزیلاند دەبێتە جێی سەرنجی ئامادەبووان و سەرجەم ڕاگەیاندنەکانی جیهان.

نانایا ماهۆتا، لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، وەک وەزیری دەرەوەی نیوزیلاند دەست بەکار بووە، ئەوەش یەکەم جارە لەمێژووی ئەو وڵاتەدا کەسێکی ماوریی،  کە لە هۆزە ڕەسەنەکانن، بەرپرسیارێتییەکی باڵا وەربگرێت.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە لەگەڵ هەر دەرکەوتنێکیدا، نانایا ماهۆتا دەبێتە جێی باس و سەرەنجی ئامادەبووانی بۆنەکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی جیهان، دواین جاریش کاتی بەشداریی کردنی لە ٧٨مین  کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆتایی وتارەکەیدا بە شێوەزاری ڕەسەنی هۆزەکەی گۆرانییەکی وت و جەختی کردەوە وڵاتەکەی پابەندە بە سیستمی فرەڕەنگی.

ماهۆتا، کە ئەزموونی زیاتر لە ٢٠ ساڵ کاری سیاسیی هەیە، یەکەم ژنە پۆستی وەزیری کاروباری دەرەوە وەربگرێت و هاوکات لە هۆزە ڕەسەنەکانی نیوزیلاند بێت، ئەمەش تایبەتمەندییەکی گەورەی نانایا-یە و توانیویەتی پارێزگاریی لە ڕەسەنایەتی و زاراوەی هۆزەکەی بکات، دەق و نەخشی کوتراوی سەر ڕووخسارییشی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.

ژنانی هۆزی ماوریی، شانازیی بە کەلتوور و سرووشتی بوونی هۆزەکەیانەوە دەکەن، پێش نانایا-ش، ژنە ڕاگەیاندنکار ئۆرینی کایبارا ساڵی ڕابردووە، بە دەقە کوتراوەکانی سەر ڕووخسار و دەستەکانییەوە دەرکەوت و بووە یەکەم ژن، کە لە تەلەفزیۆنی فەرمییەوە هەواڵەکان پێشکەش بکات.

ئۆرینی
ئۆرینی

ماوریی، هۆزێکی ڕەسەنی وڵاتی نیوزیلاندن، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندییان هەیە تاکو ئێستاش پارێزگارییان لێکردووە، لەوانەش ‘سەمای هاکا’ و ئەو نەخشانەی لەسەر ڕووخساریان دەیکووتن.

نەخشە کووتراوەکان بە “موکو کوای” ناسراوە، ژنانی ماوری لەسەر دەست و چەناگەیان دەیکووتن و پیاوەکانیش لەسەر تەواوی ڕووخسار و دەست و پێیەکانیان، کە هەر نەخشە و مانایەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئاماژەیە بۆ ژیانی تایبەتی کەسەکە.

سەمای هاکا-ش، یەکێکە لە سەما بەناوبانگەکانی جیهان و هۆزی ماوری لەڕێگەیەوە بە جیهان ناسێنرا، بۆ هەر بۆنە و ڕووداوێک شێوە جوڵە و دەنگی تایبەتی هەیە، لە خۆشی، ناخۆشیی، توڕەیی و کاتی ئاشتی و جەنگیشدا لەلایەن ئەندامانی هۆزی ماوریی ئەنجام دەدرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.