ناوەندی هەواڵەکان
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان بەهۆی بڵاوکردنەوە و قسەکردن لەسەر پرسی قاچاخچێتی لە مەرزی پەروێزخان، لەسەر سکاڵای وەزارەتی دارایی دوێنێ بە فەرمانی دادوەر ڕاگیرا ( تەوقیفکرا).
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر سکاڵای وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکرا .
لەوبارەیەوە كاوە لەتیف، پارێزەری كەریم عەلی ڕایدەگەیەنێت، لەسەر سكاڵاكەی وەزارەتی دارایی، كەریم عەلی چووەتە بەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار و لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری راگرتنی دراوە هەتا تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان و ئێستا لە گرتوخانەی ئاسایش راگیراوە.
بەپێی وتەکانی پارێزەرەكەی، سكاڵاكەی وەزارەتی دارایی بە پشتبەستن بە مادەی ٢ـی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن تۆمار كراوە، بەپێی یاساکەش تەوقیفكردن تاوەكو ١٥رۆژە، بەڵام پارێزەرەكەی كەریم عەلی دەڵێت” هەوڵدەدەین بە كەفالەت ئازادی بكەین، بڕیار لای دادوەرە ئازادی دەكات یاخود نا”.
ئەمە لەکاتێکدایە، كەریم عەلی پێشتر لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی لە بوونی حاڵەتی نایاسایی و قاچاخی لە دەروازەی پەروێزخان كرد كە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی نێوان ئێران و هەرێمە لە گەرمیان، لەدوای بەرنامەكە وەزارەتی دارایی لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی دایەوە و چەند رۆژێك دواتر، سكاڵای لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش لەسەر تۆماركرد و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا.
ئەوەی جێگای سەرنجە وەزیری دارایی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، سکاڵاکە لەسەر ئەندامێکی ئەنجوومەن تۆمارکراوە کە لە فراکسیۆنی گۆڕانە و بەرپرسی مەرزەکەش لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، لەکاتێکدا بزووتنەوەکە وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن هاتە ساحەی سیاسی بەئامانجی بنبڕکردنی گەندەڵی و دادگایی کردنی گەندەڵکاران لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا لەسەر پرسی بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەو مەرزە ئەندامێکی ئەو حزبە لە زیندان ڕاگیراوە .
ر.س
Comments are closed.