ژنێک بە شێوەیەکی گوماناویی سووتا

گەرمیان

ژنێک کە خۆی سووتاند و گیانی لەدەستدا، سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمار کردووە .

لە شارۆچکەی کەلار ژنێک، کە لە ئەنجامی توندوتیژیی هاوسەرەکەی خۆی سووتاند پاشانیش بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەی گیانلەدەستدا، پێشتر سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمار کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئامادەنین زانیاریی لە بارەی ڕووداوەکەوە ئاشکرا بکەن.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار، کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی (ن.غ.م) دانیشتووی گەڕەکی سیروان، لە ئەنجامی توندوتیژیی و ئەشکەنجەدانی دەروونیی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، خۆی سووتاند.

ڕزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە ڕوژنیوزی وت، ژنێک هێنراوە نەخۆشخانەکەمان، بە ڕێژەیەکی زۆر جەستەی سووتاوە و چارەسەری سەرەتاییمان بۆ کردووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی کراوە.

بۆ زانینی وردەکاریی ڕووداوەکە و هۆکاری خۆسووتاندنی گوماناویی ئەو ژنە، ڕۆژنیوز پەیوەندیکرد بە هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و پۆلیسی گەرمیان، ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێی ڕاگەیاندنین، کە ئەو کەیسە لای پۆلیسە و دەبێت ئەوان لێکۆڵینەوەی لێ بکەن، بەهەمان شێوە ڕائید عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان وتی: ئەو کەیسە لای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە و ئەوان لێی بەرپرسیارن.

هیچ لایەنێکیان ئامادە نەبوون بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ بگرن و ڕاستەوخۆ زانیاریی دروست و فەرمیی لە بارەی ڕووداوەکە و پاڵنەرەکانی پشتییەوە ئاشکرا بکەن.

بەڵام سەرچاوەیەکی فەرمیی لەنێو بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی، تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەو ژنە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر کراوە و کێشەیان لە سەر بینینی منداڵ هەبووە و ژنەکە لە ماڵی باوکی خۆی سووتاندووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ژنەکە بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتاوییەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی گیانی لەدەست داوە، بەڵام پێش گیانلەدەستدانی سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمار کردووە.

بەدەر لە سزای توندوتیژیی و ئەشکەنجە دەروونیییەکان، کە هاوسەرەکەی بەرامبەریی ئەنجامی داوە، بەپێی مادەی  ٤٠٨ لە یاسای سزادانی عێراقیی خاڵی یەکەم، هەر کەسێک کەسێکی دیکە هان بدات یاخود یارمەتی بدات بە هەر ئامرازێک بێت بۆ خۆکوشتن بە زیندانیکردن سزا دەدرێت.

شایەنی باسە، شەوی ڕابردووش لە گوندی پیرداودی سنووری پارێزگای هەولێر، ژنێكی تەمەن ٣٥ ساڵ، کە دایکی پێنج منداڵ بوو، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە خنکێندرا.

لە مانگی ئەیلوولدا ئەمە دەبێتە شەشەم حاڵەتی کوشتن یاخود ناچاکردن بە خۆکوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان.

ش. ئـ

Comments are closed.