ئەمریكا لەبارەی مانەوەی هێزەكانی لە عێراق وەڵامی سوودانی دەداتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، سەبارەت بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتوون، ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاندبوو، چیتر چەتەكانی داعش مەترسی نین لەسەر عێراق، بۆیە پێویستمان بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، دوێنێ لە واشنتن لە میانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا، لە بارەی مانەوەی هێزەكانیان لە عێراق زانیاری نوێی خستە ڕوو.

ماتیۆ میلەر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێكدا ڕایگەیاند، بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سەر بانگهێشت و داواكاری حكومەتی عێراقە، هێزەكانمان ئەركی ڕاوێژكاریی و هاوكاری پێشكەش بە هێزە عێراقییەكان دەكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بەیاننامەیەكی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق بڵاو كردەوە، كە تیایدا جەختمان لەوە كردەوە، لەسەر بانگهێشتی عێراق لە بەغداین، هەر بۆیە بە نیازین دووبارە دەست بە ڕاوێژ بكەین، بۆ ئەوەی دیاری بكەین، كە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی بە چی شێوازێك لە عێراق پەرە پێ بدەین.

ئەوەشی خستە ڕوو، هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانای پاراستنی وڵاتەكەیان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانیان نیشانداوە.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانییدا، كە لەگەڵ ڕۆژنامەی ناشناڵ’ـی ئەمریكی ئەنجامی دا ڕایگەیاند، لە ئێستادا چەتەكانی داعش هەڕەشە و مەترسی نین بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، چیتر پێویستمان بە بوونی هێزی شەڕكەری بیانی نییە، دەشڵێت، لە ماوەی ئەم مانگەدا لیژنەی هاوبەش لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كۆ دەبێتەوە، بۆ پەرەپێدانی هاوكاری ئەمنیی.

لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ عێراق كۆتاییهاتنی ئەركی سەربازانی شەڕكەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، كە تا ئێستاش لەسەر خاكی عێراق هەن بۆ ئەنجامدانی ئەركی ڕاوێژكاریی و مەشق و ڕاهێنان، هاوپەیمانییەكە لە ئێستادا نزیكەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریكی لەخۆ دەگرێت، هەروەها نزیكەی هەزار كەسیشیان سەر بەو وڵاتانەن کە ئەندامن لە هاوپەیمانێتییەکەدا، هەموویان لە بنكە سەربازییەكانی عێراق جێگیركراون.

هـ.ئ

Comments are closed.