هەموو شتێک لەبارەی کۆنگرەی پێنجەم و مێژووی یەنەکەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانى کوردستان-یەنەکە، پێنجەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات و وا بڕیارە چەند گۆڕانکارییەک لە پەیڕەوی ناوخۆ و دەزگاکان و ژمارەی ئەندامەکانى لە ناوەندەکانى بڕیاردانی حزبەکەدا بکات، هەروەها کۆمەڵێک دوور دەخرێنەوە کە پێشتر پۆستی باڵایان هەبووە لە ناو حزبەکەدا و کۆمەڵێک دەموچاوی نوێش دەهێننە پێشەوە، جگە لە گۆڕینی هەیکەلی حزبەکە.

ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانى پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەست پێکرد و بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمەش پێنجەمین کۆنگرەیە لە مێژووی درووستبوونى ئەو حزبەدا کە لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆنگرەیە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بە دوای خۆییدا بهێنێت، کە کاریگەریی لەسەر ناوخۆی حزبەکە و دۆخی هەرێمی کوردستانیش هەبێت.

دامەزراندنى یەنەکە

بیرۆكەی دامەزراندنی یەكێتی لە دیمەشقەی پایتەختى سووریاوە درووست بوو، ئەوکات جەلال تاڵەبانی و بەشێک لە سەرکردە دیارەکانى ئەو حزبە لە سووریا دەژیان و کاری سیاسییان دەکرد، ڕۆژی ٢٢ـی ئایاری ١٩٧٥ ساتى داڕشتن و گەڵاڵەکردنى ئەو بیرۆکەیە بوو بۆ حزبێکی سیاسیی کوردی کە بتوانێت شۆڕش لە باشووری کوردستان دەست پێ بکەنەوە، لە دوای ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا بارزانییەوە.

لەو ڕۆژەدا هەریەکە لە جەلال تاڵەبانی، نەوشیران مستەفا، کەمال فوئاد، عادل موراد، فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی یەکەم بەیاننامەى درووستبوونى یەکێتیان بڵاو کردەوە، ئەم بەیاننامەیە بووە بناغەى درووستبوونى یەکێتى، دووەم کۆبوونەوەى ئەو حزبە لە ١ـی حوزەیرانى ساڵی ١٩٧٦ لە بەرلینی پایتەختى ئەڵمانیا بەڕێوە چوو، ئەو ڕۆژە کرا بە ڕۆژی دامەزراندنی یەنەکە.

یەنەکە لە مێژووی خۆیدا چوار کۆنگرەی ئەنجامداوە و پێشتر ناوی کۆنفڕانس بووە، بۆیە ئەگەر کۆنفڕانسەکان حساب نەکرێن، ئەوا یەکەم کۆنگرەی یەکێتی لە ٢٧ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ ـدا یەکەم کۆنگرەى خۆی لە شاری سلێمانى ئەنجامدا و جەلال تاڵەبانی، بە سکرتێری گشتیی و نەوشیروان مستەفا بە جێگری سکرتێری گشتی هەڵبژێردرانەوە.

کۆنگرەی دووەمی یەكێتی لە ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٠١ـدا هەر لە سلێمانی بەسترا و جارێکی دیکە مام جەلال بە سکرتێری گشتی و نەوشیروان مستەفا بە جێگری سکرتێری گشتی هەڵبژێردرانەوە، کۆنگرەی سێیەمیش لە ١ـی ئایاری ٢٠١٠ ئەنجامدراو مام جەلال بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە و كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵحی بە جێگری خۆی دەستنیشان كرد.

یەکێتی ڕۆژی ٢١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، کە لەم کۆنگرەیەدا چەند گۆڕانکارییەک نوێ لە پەیڕەوی ناوخۆ و هەیکەلی حزبەکەدا کرا و بۆ یەکەمجار سیستەمى هاوسەرۆکایەتى پەیڕەو کرد و هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران.

کۆنگرەى چوارەم و کاریگەرییەکانی

کۆنگرەی چوارەمی یەنەکە لەلایەن بەشێک لە سەرکردە و کادیرانى حزبەکە و تەنانەت زۆرێک لە چاودێرانى سیاسیش بە خراپترین کۆنگرەکانى یەکێتى لە قەڵەم دەدرێت و پێیانوایە ئەو کۆنگرەیە کێشەکانى یەکێتى بە تەواوی قووڵ کردەوە، نەک هەر ئەوەش بەڵکوو کێشەی دیکەى خستە سەر خەرمانى کێشەکانى حزبەکە.

لەو کۆنگرەیەدا سەرکردە دێرینەکان وەلا نران و بێ ڕۆڵ کران و کەسانی گەنج و نوێ هێنرانە پێشەوە کە بەشێکیان هیچ شارەزاییەکیان لە کاری سیاسیی و حزبیدا نەبوو.

چەند ئۆرگان و دامەزراوەیەکى نوێ درووست کران، کە تەنیا بۆ ڕازیکردنى سەرکردە دێرینەکان بوو لەوانەش (ئەنجوومەنى باڵای بەرژەوەندی و سیاسیی) هەروەها ژمارەی ئەندامانى سەرکردایەتى زیادکران کە بارگرانییەکى گەورەی لەسەر حزبەکە درووست کرد.

بۆ یەکەم جار سیستەمى هاوسەرۆکایەتى لە حزبەکەدا پەیڕەو کرا، بەڵام ئەو سیستەمە لە ناوخۆی یەنەکە ناڕەزایەتى زۆری لێکەوتەوە، بۆیە سیستەمەکە شکستى هێناو سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ساڵی ٢٠٢٢ یەکێتى کۆنفڕانسێکی نائاسایی ئەنجامدا و سیستەمی هاوسەرۆکایەتى هەڵوەشاندەوە و بافڵ تاڵەبانى کرا بە سەرۆکی یەکێتی.

دوای کۆنگرەى چوارەم، لە ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراودا لاهور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکى یەکێتى و ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانى و چەن ئەندامێکی سەرکردایەتى لە حزبەکە دوور خرانەوە، ئەوەش دۆخێکی یەکێتى ئەوەندەى دیکە سەختتر و ئاڵۆزتر کرد.

کۆنگرەی پێنجەم

ئەمڕۆ یەکێتییەکان دەچنە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بۆ گۆڕانکاری و نوێکردنەوەى حزبەکەیان بەو ئامانجەی کێشەکان چارەسەر بکەن و نەخشە ڕێگایەکى نوێ بۆ داهاتووی حزبەکەیان دیاری بکەن، لە هەمان کاتیشدا سەرۆک و سەرکردایەتییەکى نوێ دیاری بکەن، کۆنگرەکە سێ ڕۆژ دەخایەنێت.

لەو کۆنگرەیە ٦٠٠ ئەندام بەشداری دەکەن و یەکەمجاریشە کۆنگرەی ئەو حزبە لە پێش وادەى خۆیدا ئەنجدام بدرێت، ژمارەی ئەندامانى سەرکردایەتى لە ١٢٤ ئەندامەوە، بکرێنە ٥٠ بۆ ٥٥ ئەندام لەو ژمارەیەی سەرکردایەتیش ١٠ بۆ ١٣ کەس بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێن، ڕێژەی ژن لە سەرکردایەتى و مەکتەبی سیاسیدا بەراورد بە کۆنگرەى چوار کەم دەکرێنەوە بۆ کەمتر لە ١٥٪، هاوکات ژمارەیەک ئەنجوومەنی نوێ بۆ حزبەکە زیاد دەکرێن و هەروەها پەیڕەوی ناوخۆ هەمووار دەکرێتەوە و سیستەمى هاوسەرۆکایەتى لە پەیڕەودا لادەبرێت.

هەروەها لە کۆنگرەى پێنجەمی یەکێتى، سەرۆک هەڵدەبژێردرێتەوە و تا ئێستا پێشنیاز ئەوەیە سەرۆک جێگری نەبێت، بەڵام ئەمەش جێهێڵدراوە بۆ ئەندامانى کۆنگرە کە بریاری لێبدەن ئایا سەرۆک جێگری هەبێت یان نا، بە ئەگەری زۆرەوە هەر لە ئێستاوە بافڵ تاڵەبانى بە سەرۆکى یەکێتى دیاری دەکرێتەوە.

دۆخی یەکێتى و کۆنگرەى پێنجەم

ئێستا یەکێتى لە ڕەوشێکی زۆر ئاڵۆزی ناوخۆییدا دەچێتە ناو کۆنگرەى پێنجەمەوە، دۆخێک کە هەر لە دەسپێکەوە بەشێک لە سەرکردە و کادرە دیارەکانی کە ژمارەیان لە سەروو ٤٠ کەسەوەیە دوور خرانەوە یان خۆیان بەشداری ناکەن، کە دیارترینیان بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار و لاهور شێخ جەنگییە.

ئەندامانى سەرکردایەتى لە ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ لە سەرکردە و کادرە کۆنەکان دادەنرێنەوە، ئەوانی دیکە، کەسانى نوێ دەهێنرێنە پێشەوە، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو نیگەرانییانەى لەناو حزبەکەدا درووست بووە.

ئێستا یەکێتى لەناو خۆییدا لە کێشە و ناکۆکییەکى زۆر قووڵدایە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان بە تایبەت پەدەکە ئاڵۆز و نادیارە، لە حکومەتیشدا لەگەڵ پەدەکە لە ناو ناکۆکی و ململانێیەکی سەخەتدایە، لەلایەن خەڵکەوە ئەو حزبە و سەرکردایەتییەکەى ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەتەوە بەو پێیەى کە ئەوانیش پشکیان لە خراپی دۆخی ژیان و سیستەمی بەرێوەبردنى هەرێم بەردەکەوێت.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت یەکێتى لە دوای کۆنگرە شێوازی کارکردن و سیاسەتى لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەغدا و وڵاتانى دراوسێ گۆڕانکاری بەسەردا بێت کە جیاوازتر دەبێت لە یەکێتی پێشوو، بۆیە بریارە لەم کۆنگرەیەدا ئەم شێوازەش دیاری بکرێت کە سیاسەت و کارکردنى داهاتووی چۆن دەبێت.

هـ.ح

Comments are closed.