ناوەندى هەواڵەکان
پێگەی ئینتیڵیجێنت ئۆنلاین بڵاوى کردەوە، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس سکاڵایەکی لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆمی ماڵی بارزانی یەکلایی کردەوە و بەپێی بڕیارەکەش، دەبێت هەرێم بڕى یەک ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار بداتەوە بە کوەیت لە بڕى قەرزەکانى کۆڕەک تیلیکۆم.
پێگەی ئینتیڵیجێنت ئۆنلاین لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوى کردەوە، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس داواکارییەکەی کۆڕەک تیلیکۆمی ڕەتکردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە ناوبژیوانییەی، کە لەمانگی ئازاری ڕابردوودا لەدژی کۆمپانیاکە دەریکردبوو.
بەو پێیەى کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم بانگەشەی ئەوەی کردوە، کە کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی “ڕایداس” ئەو زانیارییانەی بۆ لایەنی بەرامبەر بەدەستهێناوە، کە لەڕێگهی بەرتیلدان بەسەرچاوەکان دەستی کەوتووە.
ئاماژه بهوهشكراوه، کۆمپانیای کۆڕەک، کە خاوەنەکەی سیروان بارزانییە، کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی “ڕایداس”، کە لە ئەندرۆ وۆردسوۆرس، جوانا ڕیگۆو نیکۆلاس پۆرتمان لەخۆدەگرێت، تۆمەتباردەکات بەوەی “بەشێوەیەکی نایاسایی” بەڵگەی ساختەیان بۆ ڕکابەرەکەی، ئاگیلی بەدەستهێناوە، بەپێی ئەو بڕیارەی ناوبژیوانی، کە لە ٣ی تەمموزو دوای نزیکەی ١٠ ساڵ لەشەڕی یاسایی دەرچووە.
باس لەوەشکراوە، پارێزەرانی گیبسۆن ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە، کە کۆمپانیای کۆڕەک خستوویەتییەڕوو و جەختیان لەوەکردەوە، زۆرینەی ڕەهای ئەو بەڵگانەی، کە کۆمپانیاکە تەحەدای کردون، لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە نەبوون، کە لەلایەن “ڕایداس”ەوە کۆکراونەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی سەر بەژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس بڕیاریدا، کە ڕەوایەتیی تۆمەتەکانی کۆڕەک لە کۆتاییدا هیچ بایەخێکی نییە، بەوپێیەی ڕەچاوی ئەو بەڵگە جێناکۆکیانەی نەکردوە، کە لەلایەن “ڕایداس”ەوە کۆکراونەتەوە.
هەروەها دادگاى نێودەوڵەتى پاریس بڕیاریدا بڕی یەک ملیارو ٦٥٠ ملیۆن دۆلار بە یەکێک لە خاوەنەکانی کۆمپانیاکەی گەیاندن لە عێراق بدات، کە گروپی ئەجیلیتی کوەیتییە، کە کۆمپانیاى کۆڕەکیان بە ساختەکاریی و گەندەڵی تۆمەتبارکردوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٦ ساڵ لەمەوبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى بووەتە كەفیل بۆ ئەوەی سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانی، لە كۆمپانیایەكی كوەیتی قەرز بكات بۆ كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم) دابمەزرێنێت، بەڵام تا ئێستا سیروان بارزانى قەرزەكەی نەداوەتەوە بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم، وەک کەفیل قەرزەكە بداتەوە، کە بڕەکەى ٤٩٠ ملیۆن و ٨٠ هەزار دۆلارە.
هەروەها، ئەحمەدى حاجى ڕەشید، ئەندامى پێشووترى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەری بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاندبوو، لە میانەى دانیشتنى پەرلەمانى هەرێم، لە ساڵی ٢٠٢١ ئامانج ڕەحیم سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاندبوو، هەرێم ٣١ ملیار دۆلار قەرزدارە، بە پێی قسەی ئەم کابینەیەش بێت حکومەت دوو ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا ٢٩ ملیار دۆلارەکەی تر ماوە، کە دەکاتە نزیکەی ٤٣ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ڕۆژى ١٧ـى ئەم مانگەدا، بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی دوو تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار بە شێوەى قەرز بداتە هەرێم .
ئـ.م
Comments are closed.