هاوڵاتییانی هەڵەبجە: ڕیفراندۆم ماڵی کوردی وێران کرد

هەرێم قادر

لە بارەی ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانییەوە، هاوڵاتییانی هەڵەبجە دەڵێن: ٥١٪ خاكەكەمان لەدەستدا، قوتی كوردستان بڕا، پەیوەندییەكانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لاواز بوو، هێزیان هێنایە سەرمان پێشمەرگە شەهید كرا، خاكمان لێ داگیركرا، ماڵی كورد وێران بوو.

لە ٢٥ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، مەسعود بارزانی، ڕیفراندۆمێکی شکستخواردووی بە ناوی سەربەخۆیی کوردستانەوە ئەنجامدا، هەر زوو لێکەوتەکانی ئەم ڕیفراندۆمە دەرکەوتن و لە ١٦ـی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان دەستپێکرد و ٥١٪ ـی خاکی باشووری کوردستانیان لە دەستی کورد دەرکرد.

هادی فەتاح
هادی فەتاح

لەمبارەیەوە، بەشێک لە هاوڵاتییانی پارێزگای هەڵبەجە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هادی فەتاح هاوڵاتییەك دەڵێت: ڕیفراندۆم جگە لە لەماڵوێرانی هیچی دیكەی بۆ گەلی كورد نەهێنا، ئێمە پێشتر تەواوی خاكی كوردستانمان بەدەستەوە بوو بە كەركووكیشەوە، كە ڕیفراندۆم كرا كەركووك نەما و بەشێكی زۆری خاكەشمان لەدەستدا، نەوتەكەشمان لێوەرگیرایەوە، كە ڕیفراندۆم كرا پشتیوانی سیاسەتی نێودەوڵەتی نەما بۆ كورد.

ئێمە تا ئێستاش باجی ڕیفراندۆم دەدەین

ئەفراسیاب محەمەد
ئەفراسیاب محەمەد

ئەفراسیاب محەمەد هاوڵاتییەكی تر لەمبارەیەوە وتی: ئێمە تا ئێستاش باجی ڕیفراندۆم دەدەین، بە هۆی ڕیفراندۆمەوە لەسەدا ٥١٪ خاكی كوردستانمان لەدەستدا، قەیرانی ئابوورییمان بەسەردا هات، ناكۆكی خستە ناو میللەتی كورد، ئابووریی سەربەخۆ و ڕیفراندۆم جارێكی تر دۆخی كوردی گەڕاندەوە بۆ سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەو ڕیفراندۆمەیان كرد بەو جۆرە ماڵی خەڵكیان وێران كرد شارەكەیان ڕادەستی بەغداد كرد.

هەر لەمبارەیەوە ئاكام فاتیح دەڵێت: زۆربەی وڵاتانی زلهێز هاواریان لە كورد كرد ڕیفراندۆم نەكرێت، دەبێت بە زیان بۆ هەرێمەكە، هەروەك بینیمان كۆمەڵێك دەرئەنجامی خراپی هەبوو، زیانی زۆری بە قەوارەی هەرێمی كوردستان گەیاند، باجەكەشی تەنها هاوڵاتییان دایان.

ئاكام فاتیح
ئاكام فاتیح

ئاكام فاتیح وتیشی: ٥١٪ خاكەكەمان لەدەستدا بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، مووچە و بودجە و قوتی كوردستان بڕا، پەیوەندییەكانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لاواز بوو، هێزیان هێنایە سەرمان پێشمەرگە شەهید كرا خاكمان لێ داگیركرا، ماڵی كورد وێرانكرا، عەرەب لە شوێنەكانیان دانراو نیشتەجێكرا، كورد ئاوارە كرا، ئێستاش دەرئەنجامی ڕیفراندۆم هەر دەبینین.

وتیشی: ئەوەتا ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەڵدەوەشێننەوە قەوارەی هەرێم بچووك دەكەنەوە، مووچەمان دەبڕن بە ناوی قەرزەوە مووچەمان دەدەنێ‌ یاخود ناماندەنێ‌، دەسەڵاتدارانی كورد سەری خەڵکیان بە ڕیفراندۆم خوارد نەك سەری خۆیان.

ب.گ

Comments are closed.