ناوەندی هەواڵەكان
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاوی كردەوە، بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵێكی ئاهەنگ گێڕان لە شارۆچكەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، نۆ كەس دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستی پێکردوە.
شەوی ڕابردوو لە شارۆچكەی حەمدانییە، لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیرییدا، بەهۆی هەڵدانی یارییە ئاگرینەكانەوە لە ناو هۆڵی “ئیبن هەیسەم” ئاگرێك كەوتەوە و بەهۆیەوە ١١٥ كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٠٠ كەسی دیكەش برینداربوون.
سەعد مەعن سەرۆكی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بە هۆی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵێكی ئاهەنگ گێڕان لە شارۆچكەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، نۆ كەس دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، سەقفی هۆڵەكە بە جپسن بۆرد و مادەی ئەلەملیۆم داپۆشرا بوو، كە ئەمانەش زوو ئاگر دەگرن و هۆكار بوون بۆ خێرا تەشەنەکردنی ئاگرەكە.
بە پێی كۆتا ئامارەکان، تا ئێستا بە هۆی ئاگرەكەوە ١١٥ كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠٠ كەسی دیكەش برینداربوون و برینی بەشێكی زۆر لە بریندارەكانیش سەختە، هەندێك لەوانەی گیانیان لە دەستداوە بە هۆی دووكەڵەوە خنكاون و هەندێكی تریشیان سووتاون.
هەر دوای ڕووداوەكە، سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق داوایان لە سەرجەم وەزراەت و لایەنە پەیوەندی دارەكان كرد، بەدواداچوونی خێرا بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری ئاگر كەوتنەوەكە بكەن، هەروەها سوودانی بەهۆی ئەو ڕووداوەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی لە عێراق ڕاگەیاند.
ئەو هۆڵەی ئاهەنگەکەی تێدا کراوە زیاتر لە هەزار كەسی تێدا بووە، بەشێكیان نەیان توانی خۆیان ڕزگار بكەن، بۆیە بوون بە قوربانی، هەندێك لە بریندارەكان گواسترانەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی شاری موسڵ و هەندێكی دیكەیان بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر گواستراونەتەوە.
هـ.ئ
Comments are closed.