زیاتر لە ١٣ هەزار هاوڵاتیی ئەرمەنی لە قەرەباخ ئاوارەبوون

ناوەندی هەواڵەكان

حكومەتی ئەرمینیا بڵاوی كردەوە، بەهۆی هێرشەكانی ئازەربایجانەوە بۆ سەر ناوچەی قەرەباغ، تا دوێنێ ١٣ هەزار و ٥٥٠ هاوڵاتر ئەرمەنی ئاوارە بوون، حكومەتی ئەرمینیا شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ هەموو ئەو هاوڵاتییانە دابین دەكات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی ئەرمینیا لە بارەی ژمارەی ئاوارە بوونی دانیشتوانی ناوچەی قەرەباغ بەهۆی هێرشەكانی ئازەربایجانەوە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، تا بەیانی دوێنێ  ١٣ هەزار و ٥٥٠ ئاوارە لە ناوچەی قەرەباغەوە هاتوونەتە ناو خاكی ئەرمینیاوە، تائێستا ناوی ١١ هەزار ئاوارە تۆمار كراوە، بەڵام ناو داتای دوو هەزار و  ٥٥٠ كەسی دیكە هێشتا تۆمار نەكراوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، حكومەت شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ هەموو ئەو هاوڵاتییانە دابین دەكات، كە ئاوارە بوون و شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.

لە ١٩ی ئەیلولدا ئازەربایجان هێرشی سەربازی لە قەرەباغ دەستپێكرد، ئازەربایجان داوای خۆڕادەست كردنی سەرجەم هێزەكانی ئەرمینیای لە ناوچەكە دەكرد، ئەرمینیاش ڕەتیكردەوە هیچ هێزێكی سەربازیان لە ناوچەی قەرەباغ هەبێت.

ڕۆژێك دوای هێرشەكەی ئازەربایجان بۆ سەر قەرەباغ بە نێوەندگیری ڕووسیا ئاگربەست ڕاگەیاندرا، دواتر وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ٢٢ی ئەیلولی ڕایگەیاندبوو، گروپە چەكدارەكانی قەرەباغ بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی لەسەر وەستاندنی شەڕەكان ئەنجامدراون، دەستیانكردووە بە ڕادەستكردنی چەك و كەرەستەی سەربازییەكانیان لە ژێر چاودێری هێزەكانی ڕووسیا.

هـ.ئ

Comments are closed.