“تا ئێستاش عەقڵییەتی پیاوسالاریی ڕێگرە لە تواناکانی ژنانی هونەرمەند”

بڕوا ئەسعەد

تا ئێستا ڕێگریی و بەربەستەکان بۆ کارە هونەرییەکانی ژنانی کورد کۆتاییان نەهاتووە، ژنانی هونەرمەندیش هۆکارەکەی بۆ عەقڵییەتی پیاوسالاریی دەگەڕێننەوە، هونەرمەندانی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە ژنان بزانن چۆن بەرەنگاریی ئەو بەربەست و ڕێگرییانە دەبنەوە.

هاوسەر ئیدریس
هاوسەر ئیدریس

ئاشکرایە لەم چەند دەیەیەی کۆتاییدا تا ڕادەیەک هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ ناو کایە هونەرییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ڕەنگی ژن زیاتر دەرکەوتووە، بەڵام تائێستاش بە تەواویی ئەو ڕێگرییانەی بەهۆی عەقڵییەتی پیاوسالارییەوە بۆ تواناکانی ژنان دروست دەکرێت کۆتاییان نەهاتووە و ژنانی هونەرمەندی گەنجیش، لە ڕێگەی مایکی ڕۆژنیوزەوە، داواکارن خێزانەکان ڕێگر نەبن لە بەهرەی کچەکانیان.

هونەرمەندی گەنج هاوسەر ئیدریس، کە خەڵکی کەرکوکە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنیوز، باسی لە ڕۆڵی ژنان و ئاستەنگییەکانی بەردەمیان کرد و وتی: ژنانی کورد زۆر بە توانا و ئازان، هەمان کات پڕ بەهرە و وزەن، بۆیە ژنان لە هەر بوارێکدا بەهرەیەکیان هەیە دەبێت بڕۆنە پێشەوە بێ ئەوەی گوێ بە ئاستەنگیەکانی بەردەمیان بدەن، پێویستە ژن هەوڵ بدەن، سوود لەو وزانە ببینن کە لە تەمەنێکی دیارکراودا هەیانە، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتێک بە کۆمەڵگەکەیان بکەن.

ماریا غازی
ماریا غازی

هاوسەر ئیدریس ئەوەشی ڕوونکردەوە: ئازادی ژنان هێشتا سنووردارە، ئاستی ڕۆشنبیری شارەکان جیاوازییان هەیە، ساڵ بە ساڵ ئەوە دەبینین، کە ژنان هەوڵ دەدەن خۆیانبن، نەک ئەوەی کە بەکار بهێندرێن، کۆمەڵگە هۆکارێکی سەرەکیی بووە لە کوشتنی بەهرەی ژنان، لە بەر ئەوەی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەژین، ئەو ژنانەی کە دەرکەوتوون، دڵۆپێکن لە دەریایەک.

هاوکات ماریا غازی ژنە هونەرمەندێکی نیگارکێش، کە دانیشتووی شاری چەمچەماڵە، لە بارەی ئازادیی ژنانەوە وتی: هەندێک ژن هەن توانای زۆر زۆر باشی هونەرییان هەیە، هاوڕێم هەیە لە قۆناغی ناوەندییە، زۆر حەزی لە وێنەکێشانە و توانای زۆر باشی هەیە، زۆرێک لە ژنانی دیکە حەزیان لە بوارە جیاوازەکانی هونەرە، بەڵام لەبەر کۆمەڵگە و چواردەورەکەیان ناتوانن ئەنجامی بدەن، چوونکە خێزانەکانیان دەیانشارنەوە و ئازادییان پێ نادەن.

سۆزیار حەمید
سۆزیار حەمید

سۆزیار حەمید ژنە هونەرمەندێکی بواری نواندنە و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، لە بارەی ئازادیی ژنان لە بواری هونەردا وتی: گرنگە ئێمەی ژنان بزانین چۆن هەنگاو دەنێین و دەستپێدەکەین، ئەو سنوورانەی بۆمان دانراوە، بزانین چۆن مامەڵەی لە گەڵدا دەکەین، دڵنیام ئەگەر نیوەی ڕێگرییەکان، پاڵپشتی و هاوکاریمان هەبێت، ژنانی زۆر بەهێزمان هەیە دەتوانن دەربکەون لە بواری هونەردا، لە ڕاستیدا ئێمە کۆمەڵگایەکی داخراومان هەیە، هەندێ فکر هەیە زاڵە بە سەریدا، ئەمەش هۆکارێکە ژنان نەتوانن بە ئاسانی هەنگاوی بۆ بنێن.

ش. ئـ

Comments are closed.