باڵەکایەتی
ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان جمەیان دێت لە عەرەبی خوار و ناوەڕاستی عێراق و بە دەگمەن کورد دەبینیت، ئەمەش کاریگەری دواکەوتی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکومەتەوە.
شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەی باڵەکایەتی و سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئێستا کەمترین گەشتیاری کورد ڕووی لێدەکەن، ئەمەش بەهۆت دواکەوتنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێم و خراپی دۆخی ئابوورییانەوە، بە پێچەوانەوە جمەیان دێت لە گەشتیاری عەرەب، کە لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون.

هونەر بایز گەشتیارێکی کورد لەم باریەوە بە ڕۆژنیوزی وت: دەست كەوتنی كەپر و ڤێلا و خواردن و خواردنەوە، لە ناوچە گەشتیارییەكان زۆر گران بووە و بە ئەستەم دەست دەكەوێت، بە تایبەت بۆ گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەهۆی نەبوونی مووچە و قەیرانی دارایی.
دەشڵێت: كەمترین گەشتیاری کوردی هەرێم لە ناوچە گەشتیارییەكان دەبینرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە كە چوار مانگە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە.
هاشم ئیسماعیل گەشتیارێکی تر وتی: كاتێك هاوڵاتییان نانیان نییە و خەرجی ڕۆژانەیان نییە چۆن بتوانن گەشت بكەن، چەندین مانگە خەڵك مووچەی وەرنەگرتووە ئەوەش كاریگەریی خستووەتە سەر كەرتی گەشتیاریش كە من كەمترین گەشتاری كورد دەبێنم لە ناوچە گەشتیاریەكان.

هاشم ئاماژە بەوەش دەكات، بە هۆی ئەوەی گەشتیارانی عەرەب كێشەی مووچەیان نییە، هەر چەند كرێی خانو و ڤێلا و شوێنە گەشتیارییەكان گرانیش بێت دەیگرن، لەبەر ئەمەش خاوەن شوێنەکان، لەسەر گەشتیارانی كوردیشی گرانیان كردووە و هیچ حسابێك بۆ ئەم قەیران و بێ مووچەییە ناكەن.
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەندین پڕۆژە و شوێنی گەشتیاریی گرنگی لێیە، کە ساڵانە ڕێژەیەكی زۆر گەشتیار لە ناوە و دەرەوەی عێراق سەردانی دەكەن، ئەمساڵ بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری سۆران، تەنها لە هاویندا نزیكەی یەك ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە ناوچە گەشتیاریەكانی سنوری سۆران.
هەروەها بە وتەی گەشتیاران و خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكانیش، ئەوانەی کە دێن كەمترینیان گەشتیاری كوردە و زۆربەی گەشتیاری شارەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراقە.
ب.گ
Comments are closed.