تەماتەی جوتیارانی باڵەکایەتی و برادۆست لە بازاڕ ساغ نابێتەوە

سۆران

جووتیارانی كوێستانەكانی باڵەكایەتی و برادۆست ڕۆژانە بەرهەمێکی بەرچاوی تەماتە دەگەیەننە عەلوەی سۆران، کەچی بەوتەی خۆیان تەنها یەک لەسەر چواری بەرهەمەکانیان بە نرخێکی کەم ساغ دەبێتەوە، ئەوەش زیانی زۆری پێگەیاندوون و داوا دەکەن لە حکومەت بەرهەمەکانیان بۆ ساغ بکرێتەوە.

ئەمساڵ ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ پیكاب تەماتەی برادۆست و باڵەكایەتیی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەگاتە عەلوەی سۆران، کە نزیکەی ٦٠٠ تۆن تەماتە دەکات، بەڵام تەنیا ٥٠ بۆ ١٠٠ تۆنیان لە سۆران و دەوروبەری ساغ دەبێتەوە.

هەر کیلۆیەک تەمامەی ناوخۆیی لە عەلوەی سۆران بە ٣٠٠  بۆ ٤٠٠ دینار دەرفرۆشرێت، لە کاتێکدا هەر كیلۆیەك تەماتە ١٥٠ دیناری كرێی گواستنەوەی دەچێتە سەر و هەر سندووقێكی پلاستیکیش کە تەمامەتەکەی تێدەکەن بە ٧٥٠ دینار دەیکڕن، کۆی ئەو خەرجییانەش دەکەوێتەوە ئەستۆی جووتیار خۆی.

قابیل سەبری
قابیل سەبری

قابیل سەبری، یەكێكە لەو جووتیارانەی لە گووندی کەژەک لە سنووری برادۆست تەماتەی چاندووە، پێکابێک تەماتەی بارکردووە بۆ هەولێر، دەڵێت لە عەلوەی سۆران بۆم ساغ نابێتەوە، لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: باشترین جۆری تەماتەم بەرهەمهێناوە، بەڵام پارە ناکات و لەبری قازانج، زیانم پێدەگات.

قابیل دەڵێت: بایەخ نەدانی حكومەت بە كەرتی كشتوكاڵ و پشتگیریی نەكردنی جووتیاران وایكردووە، دەست لە بەروبوومەكانمان بەربدەین، چونكە ئەو داهاتەی دەستمان دەكەوێت، بەشی ئەو خەرجیانەش ناكات، كە لە بەرهەمەكانمان خەرجمان كردووە.

ئەو جوتیارەی برادۆست دەشڵێت: وەک جوتیارانی برادۆست و پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەتوانین پێداویستی تەواوی هەموو عێراق بە کوێتیشەوە دابین بکەین، بە مەرجێک مەرزەکان دابخرێن و تەماتەی ئێران داخیلی شارەکانی عێراق نەبێت.

ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکان تاکە گرفتی جووتیاران نییە، بەڵکو خراپیی ڕێگاوبانی كوێستانەكان و مەترسی بەردەوامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورک، بەشێکی دیکەن لەو کێشانە، کە بەرۆکی جووتیارانیان گرتووە.

مەنسور ناوخۆش
مەنسور ناوخۆش

مەنسور ناوخۆش جووتیارێكی دیکەی باڵەکایەتییەوە و تەماتەی بەرهەمهێناوە، دەڵێت: دۆخەکەمان لەوپەڕی خراپیدایە و بەرهەمەكانمان نافرۆشرێت، ئەوەشی دەفرۆشرێت پارەیەکی كەم دەكات.

ئەو جووتیارە داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم دەكات، هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق بكات بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوردەی تەماتەی ئێران ڕابگرن و دەرفەت بۆ جوتیارانی ناوخۆ بڕەخسێنن، تا بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.

ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ پیكاب تەماتە دەگاتە عەلوەی سۆران

نەسرەت ئیبراهیم
نەسرەت ئیبراهیم

نەسرەت ئیبراهیم جوتیارێکی دیکەی بناری چیای گۆشینەیە لە سنووری برادۆست، ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ پیكاب تەماتە دەگاتە عەلوەی سۆران، بڕی ٥٠ بۆ ١٠٠ تۆن تەماتە لە ناوخۆی سۆران ساغ دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە دەینێرن بۆ شارەكانی تری كوردستان، بەڵام پارە ناکات و تەنیا بەشی کرێی بەنزین دەکات.

نەبوونی ساردخانە لە سنووری سۆران وایکردووە، جووتیاران نەتوانن ئەو بەرهەمانەی کە بۆیان ساغ نابێتەوە هەڵیبگرن و لە کاتی دیکەدا بیخەنەوە بازاڕ، بۆیە ئەگەر تا چەند ڕۆژێک بەرهەمەکانیان ساغ نەکرێتەوە، ئەوا خراپ دەبێت و ناچارن فڕێی بدەن.

ب.گ

Comments are closed.