مامۆستایانی خوێندنی کوردی زەنگی بایکۆت لێ دەدەن

کەرکوک

مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک، کە سەر بە هەرێمی کوردستانن، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا، خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، لە بری زەنگی خوێندن، زەنگی بایکۆت لێ بدەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک، لە سەنتەری ڕۆشنبیری شارەکە، بەشێک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی کۆبوونەوە، بە مەبەستی گەنگەشکردنی دۆخی مامۆستایان و بێ مووچەیی و بێ باکی حکومەتی هەرێم بەرامبەر بە دۆخی مامۆستاییان، بڕیاریاندا نەڕۆنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و بایکۆتی دەوام بکەن.

پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی مامۆستایان بە تایبەت هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕۆژنیوز ڕاگەیاند، مامۆستا هیوا حەسەن سێ خاڵی گرنگی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو وتی: ١ـی ١٠ـی ئەمساڵ کە دیارکراوە وەکو یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی خوێندنی کوردی، لە بەردەم پەروەردەی گشتی کەرکووک کۆ دەبینەوە، زەنگی بایکۆتیکردنی دەوام لێدەدەین، لە دوای هەفتەی یەکەمیش، تیمێک لەگەڵ سەرجەم مامۆستایان کۆ دەبنەوە، پاشان لەگەڵ مامۆستایانی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم، دەڕۆینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا و داخوازییەکانی خۆمانیان پێ ڕادەگەیەنین، بڕیاری سێیەمان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ هەڵوێستەکانمان یەکدەخەین بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانمان.

 

ر.س

Comments are closed.