سلێمانی
لە شاری سلێمانی مەراسیمی شەهیدی شۆڕشگێر، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، سەید ئەڤرەن، بە بەشداری هاوڕێ و هاوپیشەکانی بەڕێوەچوو، بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازەکەی درا.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئازادیخوازان، هاوڕێ و هاوپیشەکانی، مەراسیمی شەهید سەید ئەڤرەن، شۆڕشگێڕ و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، کە لە ٢٢ـی ئەم مانگە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی جەڵدەی دڵەوە شەهیدبوو بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە، بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە تێکۆشان و ڕۆحی شەهید سەید ئەڤرەن دەستیپێکرد، پاشان بە وتنەوەی دروشمی “شەهید نامرێت، سەید نامرێت” مۆم داگیرسێندرا و وتاری دەستپێکی مەراسیم، لەلایەن عەزیز کۆیلۆ ئۆغلۆ، رۆژنامەنووس و هاوڕێی شەهیدەوە پێشکەش کرا و وتی: مرۆڤ هەرچەند هەوڵبدات ناتوانێت پێناسەیەکی تەواو بۆ شەهید “سەید” بکات، شەهید لە خانەوادەیەکی وڵاتپارێز لە دایک بوو، وەک خۆشی دەڵێت: کاریگەریی باپیری لەسەر بووە، بۆ کوردستانێکی ئازاد تێکۆشا.
وەکو ڕاگەیاندنی ئازاد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهانیشدا، تێکۆشانی خۆمان لەسەر ڕێبازی شەهید سەید بەردەوام دەکەین
ئاماژەی بەوەشدا، شەهید سەید شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسێکی بوێر بوو، ماوەی ٢٦ ساڵ یەکدیمان دەناسیی، لەو ماوەیەدا بەبێ وەستان لە تێکۆشان بەردەوامبوو، سەرەتای خەباتکردنی لە زانکۆوە دەستیپێکرد، پاشان ڕاگەیاندنی ئازاد و دواتریش بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بوو، چالاکانە کارەکانی ڕادەپەڕاند.
وتیشی: وەکو ڕاگەیاندنی ئازاد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهانیشدا، تێکۆشانی خۆمان لەسەر ڕێبازی شەهید سەید بەردەوام دەکەین، وەکو ڕێنیشاندەری خۆمان دەیبینین و تا سەرکەوتن و بەدیهێنانی کوردستانێکی ئازاد، درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین.
دواتر بە ئامێری داتاشۆو، ڤیدیۆیەک کە باسی لە ژیاننامە و هەوڵ و تێکۆشانەکانی لە بوارەکانی ڕۆژنامەنووسی و شۆڕشگێڕی و ئازادی کوردستاندا دەکرد، نمایش کرا.
شەهید سەید ئەڤرەن، بە قەڵەم و کامێراکەی شەڕی ئازادیی دەکرد
پاشان محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: شەهید سەید ئەڤرەن، بە قەڵەم و کامێراکەی شەڕی ئازادیی دەکرد، جار جار یەکمان دەبینی، داوایکرد کە پێکەوە پرۆژەیەک ئەنجام بدەین، کە هەموو ئەو کەسانە بدوێنین کە سەردانی ڕێبەر ئۆجالانیان کردووە، دوای چەند ساڵێک بەڕێکەوت یەکدیمان بینیییەوە، وتی” هەر ئەو پڕۆژەیە بە ئەنجام دەگەیەنین، مخابن شەهید بوو و بە جێی هێشتین”.
شەهید زیاتر لە ٣٠ ساڵ تێکۆشانی کرد
دواتر کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: شەهید زیاتر لە ٣٠ ساڵ تێکۆشانی کرد، لە سەرجەم بوارەکانی ڕاگەیاندندا لە هەرە ڕۆژە سەختەکانی هەرچوار پارچەی کورستاندا، کە ئەو کات دوژمن لە ئاسمان و زەوییەوە ڕۆژنامەنووسانی بە ئامانج دەگرت، بەڵام هەڤاڵ سەید بێ وچان و بێ دوو دڵی،هەمیشە لە تێکۆشاندا بوو بۆ شەرمەزارکردنی دوژمنانی گەلەکەمان.
بەڵێنی سەرکەوتنی هەوڵەکانی دەدەین
لەو چوارچێوەیەدا سنوور ڕەحمان، ژنە ڕۆژنامەنووس، باسی لە هەوڵەکانی شەهید کرد، کە هەمیشە دەیویست ژنان لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، خۆیان پێشبخەن و پێشەنگایەتیی بکەن و وتی” شەهید سەید زۆر نەرم و نیان بوو، ڕاستە ئێستا بە جەستە لەگەڵمان نییە و گەڕایەوە بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان، بەڵام گڕوتینی کارکردنی لەلای ئێمە هەر بەرز و پیرۆزە، تا هۆشمەندیی و ئاگاییمان هەبێت، بەڵێنی سەرکەوتنی هەوڵەکانی دەدەین.
٩و٣
کەم کەسم بینیوە بەوێنەی شەهید ئاشقی کوردستان بێت
هەروەها دڵزار عارف، یەکێکی دیکە لە هاوڕێکانی شەهید وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانی کە زۆر وریا بوو، کەم کەسم بینیوە بەوێنەی شەهید ئاشقی کوردستان بێت، کەسێکی زۆر ورد بوو، شیکردنەوەکانی زۆر جیاوازبوو لە شیکەرەوەکانی دیکە، بوونی هەڤاڵ سەید بەم شێوەیە دەیتوانی زۆر شت بدات بە ڕاگەیاندن.
لە لای شەهید هیچ جیاوازییەک نەبوو لە نێوان ئامەد و کەرکووکدا
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، ڕێباز حەسەن، هاوپیشە و خوێندکاری شەهید وتەیەکی پێشکەشکرد وتی: هەمیشە خەریکی پەروەردە بوو، خۆشبەختانە دەرفەتی ئەوەمان پێ بەخشرا، بۆ ماوەی پێنج ساڵ پێکەوە بین و لەژێر دەستیدا خۆمان پێشبخەین، کاتێک ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک ڕوویدا، هەر زوو ڕاگەیاندنەکانی دیکە ناوچەکەیان چۆڵکرد، بەڵام شەهید سەید کۆتا کەس لە کەرکووک دەرچوو، بەهەریەک لە زمانەکانی زازاکی، کرمانجی، سۆرانی و تورکی بارودۆخەکەی ڕووماڵدەکرد بۆ ڕای گشتیی، لە لای شەهید هیچ جیاوازییەک نەبوو لە نێوان ئامەد و کەرکووکدا.
ر.س
Comments are closed.