جوتیارانی شارەزوور لە ناو کێڵگەکانیاندا هێشووە ترێ دەکەن بە دۆشاو

هەرێم قادر

لە سنووری شارەزوور ڕەزی جوتیاران پێگەیشتووە و جوتیاران لەناو كێڵگە و باخەكانیاندا، دەستیان كردووە بە درووستكردنی دۆشاوی ترێ‌، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر هێشووە ترێی ڕەش بەکاردەهێنن، چونكە دۆشاوەكەی بە تامتر دەردەچێت.

ساڵانە لە سەرەتای وەرزی پایز و کۆتایی هاوین، لە باشووری کوردستان ڕەزی ترێ پێدەگات، جگە لە فرۆشتنی بەروبوومەکانیان و ساغکردنەوەی لە بازاڕەکاندا، جوتیاران بەشێک لە بەرهەمەکانیان دەکەن بە دۆشاو و وەرزی درێژ و سەختی زستانی پێ بەڕێدەکەن.

 هەرچەندە دروستكردنی دۆشاوی ترێ‌ زیاتر كاری ژنانە، بەڵام بەهۆی دەرنەكەوتنیان لەبەردەم كامێرادا ژنان نەیانویست قسە بكەن لەسەر كارەكەیان، پاش ماندوبونێكی زۆر دۆشاوەكەیان دروستكرد، ئامادەیانكرد بۆ بەكارهێنان.

شەوكەت حاجی مەحموود
شەوكەت حاجی مەحموود

شەوكەت حاجی مەحموود، جوتیارێکی گوندی تەپەتۆڵەكە لە دەشتی شارەزوور، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمساڵ ڕەزی تڕێکەیان بەرهەمی باشی هێناوە و لە ناو کێڵگەکەیاندا لەگەڵ هاوسەرەکەی، بە مەنجەڵی گەورە و لە سەر ئاگری دار دۆشاوی ترێ درووست دەکەن.

ئەو جوتیارە لەبارەی درووستکردنی دۆشاوی ترێوە بە ڕۆژنیوزی وت: درووستكردنی دۆشاوی ترێ‌ كاتی زۆری دەوێت، سەرەتا ترێكە لێدەكەینەوە دواتر هێشوەكەی لێدەكرێتەوە تەنها ترێ‌ پاڵفتەکەی  دەمێنێتەوە، ئەو ترێیەشی خراپە لادەبرێت بۆ ئەوەی تامی دۆشاوەكە تێك نەدات و فڕێی دەدەین، پاشان ترێكە دەگوشرێت ئاوەكەی دەگیرێتەوە، ئینجا دەیپاڵێون خڵتە و خاشی لێ جیا دەكرێتەوە، پاشان لە مەنجەڵی گەورەدا دەخرێتە سەر ئاگر، بۆ ماوەی ١٠ كاتژمێر لە كوڵان خەست دەبێتەوە و دەبێتە دۆشاو.

ئەو جوتیارە وتیشی: خراپترین دۆشاوی خۆماڵی زۆر زۆر لە بەرهەمە دەرەكییەكانی وڵاتان باشترە كە نازانرێت چۆن درووست دەكرێت، دەشڵێت: زیاتر ترێی ڕەش بۆ درووستكردنی دۆشاو گونجاوە، چونکە تامی خۆشترە.

باسی لەوەشكرد، لەمانگی نۆ بە دواوە كاتی درووستكردنی دۆشاوی ترێیە، حكومەت دەبوو دەستخۆشی لەو كەسانە بكردایە بە بەرهەمێكی كەم بەروبوومە خۆماڵییەكان بەرهەم دێنن هاوكاریی بكردنایە، بۆ ئەوەی خەڵک گوندەکان جێنەهێڵن و زیاتر ئاوەدان بكرایەتەوە.

 وەك خۆشی دەڵێت: لەمنداڵییەوە حەزم لەوەیە خواردنی كوردەواریی خۆمان بەكاربهێنم، هەموویان دەرمانن و چارەسەرن بۆ مرۆڤ، دۆشاوی ترێ‌ لەگەڵ ڕۆنی كوردیدا دەخورێت، لە درووستكردنی ترشیاتیشدا بەكاردێت.

ب.گ

Comments are closed.