هەڵەبجە
حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کە ١٣٣پڕۆژەیان لە هەڵەبجە جێبەجێکردووە بە گوژمەی ٣١٩ ملیار و ٨٤٣ ملیۆن دینار، بەڵام ڕێکخراوی هەڵوێست ئاشکرای دەکات، تەنها ١١٣ پڕۆژە بووە و ٤١ پڕۆژەیان هی حکومەت نەبوو و لەم کابینەیەدا تەنها ٤٠ ملیار دیناریان خەرج کردووە.
ئەمڕۆ لە بینای ڕێكخراوی هەڵوێست، لە شاری هەڵەبجە سەرۆكی ڕێكخراوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، بە داتا و ئاماری درووست، وەڵامی زانیارییە ناڕاستەكانی حكومەتی هەرێمی دایەوە، لە بارەی خزمەتکردنی ئەو شارەوە.
سەروەر محەمەد سەرۆكی ڕێكخراوی هەڵوێست لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ١٣٣ پرۆژەیان بە گوژمەی ٣١٩ ملیار و ٨٤٣ ملیۆن دینار لە هەڵەبجە جێبەجێكردووە، لەسەر ئاستی هاوڵاتییان و حكومەتیش كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە، هیچكام لەو پڕۆژانە بەو گوژمە پارەیە لە سنووری پارێزگاكەدا جێبەجێنەكراوە لەم كابینەیی حكومەتدا.
سەرۆكی ڕێكخراوی هەڵوێست باسی لەوەشكرد، حكومەت باسی ١٣٣پرۆژە دەكات، بەڵام پرۆژەكان بە پێی كوالێتییە جیاوازەكان پۆلێن دەكرێت، ١١٣ پرۆژە دەكات، نەك ١٣٣ پرۆژە واتە لە كۆكردنەوەكەشدا هەڵەیان كردووە، هەروەها لە سەردەمی ئەم كابینەیەدا تەنها ٤٠ ملیار دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكراوە، بە هۆی نەبوونی نەختینەییەوە ئەویش نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بودجەی حكومەتی هەرێم ئاماژەی پێكردووە كە ١٣٣ملیار دینارە، ئەگەر خەرجبكرایە بە پێی ڕاوێژ و پلان دەتوانرا ٢٦٤ پڕۆژەی تەواونەكراوی پێ تەواو بكرایە، لەگەڵ جێبەجێكردنی پێنج پڕۆژەی نوێ، وەك پردی توەقوت و ڕێگا و پردی سازان.
ئەوەشی ڕاگەیاند، هەڵەبجە ناوچەی گەشتیاری زۆری هەیە، حكومەت لە ڕاگەیاندراوەكەیدا باسی تەنها سێ پڕۆژەی كردووە بۆ ئەو كەرتە لە سنوورەكەدا، ئەو پرۆژە و كارانەی لەم بوارەدا كراوە تێچووەكەیان، تەنها هەشت ملیۆن دینارە، ئەوەش لە داهاتی ١٥٪ـی بەڕێوەبەرایەتییەكە خۆیان كردوویانە، نەك حكومەت.
وتیشی: بینای بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاریش لە ٧٠٪ـی كارەكانی تەواوبووە حكومەت نەیتوانیوە ئەو ڕێژە كەمەی ماویەتی تەواوی بكات، سەرمایەدارێكی ناوچەكە بە قەرز تەواوی دەكات.
لە کۆتاییشدا ڕایانگەیاند، حكومەت هەماهەنگی نەبووە لەگەڵ فەرمانگە و ڕێكخراوەكان لە وەرگرتنی داتا و ئامار لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، ئەوەتا باس لە جێبەجێكردنی هەشت پڕۆژە دەكات لەلایەن ڕێكخراوەكانەوە لە سنوورەكەدا، بەڵام ئەو ژمارەیە درووست نییە ٤١ پڕۆژە لەلایەن ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانەوە جێبەجێكراوە.
ب.گ
Comments are closed.