وتەبێژی كۆنگرەی یەنەکە: ٢٥٪ـی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەبێت ژن بن

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەنەکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆنگرەدا ئەنجومەنەكانی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكان، سەركردایەتی و پشتیوانی پێكدەهێندرێن و پێویستە ڕێژەی کۆتای ژنان لە هەر سێ ئەنجوومەنەکەدا ٢٥% بێت.

تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەنەکە بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، جگە لەوەی ئەمڕۆ لیژنەكان دەستبەكاردەبن، هاوكات ئەنجومەنەكانی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكان، سەركردایەتی و پشتیوانی پێكدەهێندرێن، ڕاستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

لەبارەی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ئەنجوومەنەکاندا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بۆ هەر سێ ئەنجوومەنەکە خۆیان کاندید کردووە، بەپێی ڕێژەی کۆتاش دەبێت ٪٢٥ـی کۆی ئەندامانی ئەنجوومەنەکان ژنان بن و بەشداریی ژنان لەو ڕێژەیە کەمتر نەبێت.

دوێنێ ٢٧ـی ئەیلوول، کۆنگرەی پێنجەمی یەنەکە بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام، لە سلێمانی دەستیپێكرد، لە بەشی دووەمی كۆنگرەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، بە سەرۆكی حزبەکە هەڵبژێردرایەوە، ئەمڕۆش لیژنەکان دەستبەکار دەبن و ئەنجومەنەكانی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكان، سەركردایەتی و پشتیوانی پێكدەهێندرێن.

ش. ئـ

Comments are closed.