مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری ڕاپەڕین خۆپیشاندانیان کرد

ڕاپەڕین

ئەمڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پشدەر، مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان و دامەزراندنمان بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان.

زیاتر لە دوو هەفتەیە مامۆستایانی وانەبێژ لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بایکۆتیان ڕاگەیاندووە و ئەمڕۆش لە بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پشدەر، گردبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.

هێمن عەلی مامۆستای وانەبێژ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، بەیاننامەی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندەوە و تێیداهاتبوو، لە هەموو دنیا مامۆستای گرێبەست دوای سێ مانگ دەکرێت بە هەمیشەیی، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵات بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتووە، دەستەبەرکردنی مافەکانی ئێمە پێویستییەکی نیشتمانییە لەم کاتەدا.

وتیشی: لە هیچ کوێی دنیادا مامۆستایەتی، بە بێ ئیمتیازات و دەستەبەری تەندرووستی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناکرێت، دەبێت چیتر حکومەت مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنێت و ساڵانی ڕابردووشمان بە خزمەت بۆ حیساب بکات.

لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە، ئێمە کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین تا ئەوکاتەی هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت و دامان دەمەزرێنن.

لە سنووری پەروەردەی پشدەر ٩٢٠ مامۆستای وانەبێژ ھەیە و لە بەشێکی زۆری خوێندنگاکان وانە دەڵێنەوە ، هەروەها لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ بوونی هەیە، وێڕای ئەوەی زۆربەیان ماوەی ١٠ ساڵ زیاترە خزمەتیان هەیە لەناوەندەکانی خوێندن، بەڵام دانەمەزراون و ئەو خزمەتەیان لەبەرچاو ناگیرێت و لە پلە بەرزکردنەوە و هەموو ماف و شایستە داراییەکان بێبەشن.

ب.گ

Comments are closed.