ناوەندی هەواڵەكان
فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی لە شارۆچكەی حەویجە ٢٦٢ هاوڵاتیی بەهۆی خواردنی لەفەوە لە ئاهەنگێكدا ژەهراوی بوون، ئەمڕۆ بەپێی بڕیاری دادوەر سێ كەسیان لەسەر ئەو دۆسییە دەستگیر كردووە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
شەوی ڕابردوو لە شارۆچكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا، بەهۆی خواردنی لەفەوە ٢٦٢ كەس ژەهر خوارد بوون، دواتر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شارۆچكەكە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای كەركووك لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، دوای ئاگاداركردنەوەمان لە بوونی حاڵەتی ژەهراوی بوون لە نێو ژمارەیەك هاوڵاتیی لە حەویجە، تیمێكی ئەمنی بە سەرۆكایەتی جێگری فەرماندەی پۆلیسی كەركووك و یاریدەدەرەكەی پێكهێنراوە، بۆ بەدواداچوون بۆ باری تەندروستی ئەوانەی ژەهراوی بوون و دەستنیشان كردنی ئەوانەی هۆكار بوون، بۆ ئەوەی ڕێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
ئاماژە بەوەشكراوە، دەستبەجێ هێزێک لە كەركووكەوە ڕەوانەی حەویجە كرا، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەپێی بڕیاری دادوەر ئەمڕۆ سێ كەس كە پەیوەندییان بە ڕووداوەكەوە هەبووە، دەستگیركراون، هەروەها لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان ٢٦٢ هاوڵاتییان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی حەویجە، دوای باشتربوونی باری تەندروستییان سەرجەم ئەوانەی ژەهراوی بوون نەخۆشخانەیان بەجێهێشت و ڕەوانەی ماڵەوە كراون.
هـ.ئ
Comments are closed.