میترۆ: بە هۆی شاردنەوەی زانیاریی نەتوانراوە دۆسییەکانی گەندەڵی ئاشکرا بکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

سەنتەری میترۆ لە ڕۆژی جیهانی گشتاندنكردنی سوود وەرگرتن لە زانیاریی بڵاویکردەوە، بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە هاوڵاتییان و میدیاكاران، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لە ئاشكراكردنی دۆسییە زۆر و زەوەندەكانی گەندەڵی.

ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ لە ڕۆژی جیهانی گشتاندنكردنی سوود وەرگرتن لە زانیاریی ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بەهۆی شاردنەوەی زانیاریی هەستیار و گرنگ لە هاوڵاتییان و میدیاكاران لە تێوەگلانی بەرپرسانی حكومی و حزبی لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و موڵكی گشتیی، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لە ئاشكراكردنی دۆسیە زۆر و زەوەندەكانی گەندەڵكاران.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە بەڵگەنامە و ئامارە فەرمییەکان بخرێنە خزمەتی هاوڵاتییان، میدیاكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران، تاوەکو ببنە هاوبەش لە پڕۆسەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی.

‎ئەوەشخراوەتەڕوو، نابێت زیرەکی دەستکرد بكرێت بە ئامڕازێكی دیکە بۆ ساختە هەواڵ و زانیاریی گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتییان.

سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکردوە، زانین مەرجێكی گرنگە بۆ حكومداری باش، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لە یەكدی جیاناكرێنەوە، دەستگەیشتن بە زانیاریی و بڵاوكردنەوەی بە شێوەیەكی ئازاد، سیستمی دیموكراسی بەهێز دەكات، هەروەك بە پێچەوانەشەوە نەبوونی زانیاریی ڕێگە خۆش دەكات بۆ گەندەڵی و چەواشەكاری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست.

هـ.ح

 

Comments are closed.