وەزیری دەرەوەى ڕووسیا: بە مەرج ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکراین

ناوەندی هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەیە لەگەڵ ئۆکرایندا دانووستان بکەن بەو مەرجەی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لەبەرچاو بگیرێت، داواشی لە کێف کرد یاسای قەدەغەى گفتوگۆ هەڵبوەشێنێتەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا میدیا جیهانییەکانى ڕایگەیاند، هەڵوێستی مۆسکۆ ڕوون و ئاشکرایە و دەمانەوێت بە دانووستان کۆتایی بەم جەنگە بهێنین، بەڵام چۆن دانووستانێک و لەبەرژەوەندی کێ بێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، مۆسکۆ دەیەوێت لەگەڵ کێڤ دانووستانی جدی و ڕاشکاوانە بکات، بەڵام نەک زیان بە ڕووسیا بگات، بەڵکو دەبێت لەو دانووستانانە بەرژەوەندییەکانى وڵاتەکەى لەبەرچاو بگیرێت.

سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانى ڕووسیاش لاڤرۆڤ ڕوونیکردەوە، بەرژەوەندییەکانى ڕووسیا خۆی لە پاراستنى ئاسایشی نەتەوەییدا دەبینێتەوە کە ئەمە ئەو شتەیە هێڵی سوورەو نابێت زیانى پێ بگات.

وەزیری دەرەوەى ڕووسیا داوای لە ئۆکراین کرد یاسای قەدەغەی دانووستان لەگەڵ ڕووسیا هەڵبووەشێنێتەوە و بکەوێتە گفتوگۆ لەپێناو بەرژەندی هەردوولا کە دوور بێت لەدەستوەردانى وڵاتانى ڕۆژئاوا.

نزیکەى دوو ساڵە جەنگ لەنێوان ڕووسیا ئۆکراین بەردەوامە و بە سەدان هەزار سەرباز و هاوڵاتیی لە هەردوولا بوونەتە قوربانی کە زۆرترین زیانی گیانى و مادیش بەر ئۆکراین کەوتووە، تائێستاش هەوڵی دانووستان لەنێوان هەردوو وڵات شکستى هێناوە.

هـ.ح

Comments are closed.