ناوەندی هەواڵەكان
وتەبێژی حكومەتی ئەرمینیا بڵاوی كردەوە، لە دوای هێرشەكەی ئەم دواییەی ئازەربایجان بۆ سەر هەرێمی قەرەباغ زیاتر لە ٦٥ هەزار هاوڵاتیی ئەرمەنی لەو هەرێمە ئاوارەی ئەرمینیا بوو، لە ئێستادا ژمارەی ئاوارەكان زیاترە لە نیوەی ژمارەی دانیشتوانی قەرەباغ.
نازلی باگداساریان، وتەبێژی حكومەتی ئەرمینیا لە بارەی هێرشەكەی ١٩ی ئەم مانگەی ئازەربایجانەوە بۆ سەر هەرێمی قەرەباغ و ئاوارە بوونی هاوڵاتییان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە دوای هێرشەكەی ئەم دواییەی ئازەربایجان بۆ سەر هەرێمی قەرەباغ تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٦٥ هەزار و ٣٦ هاوڵاتیی ئەرمەنی لە هەرێمی قەرەباغەوە بە ناچاری ئاوارە بوون و هاتوونەتە ناو خاكی ئەرمینیاوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، بەپێی خەمڵاندنەكان پێش هێرشی ئازەربایجان نزیكەی ١٢٠ هەزار هاوڵاتیی لە هەرێمی قەرەباغ ژیاون، بەم پێیەش ژمارەی ئاوارەكان زیاترە لە نیوەی ژمارەی دانیشتوانی قەرەباغ.
دەشڵێت: ئەرمینیا شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاوی بۆ هەموو ئەو كەسانە دابین دەكات، كە شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.
ڕۆژێك دوای هێرشەكەی ئازەربایجان بۆ سەر قەرەباغ بە نێوەندگیری ڕووسیا ئاگربەست ڕاگەیاندرا، دواتر وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ٢٢ی ئەیلولی ڕایگەیاندبوو، گروپە چەكدارەكانی قەرەباغ بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی لەسەر وەستاندنی شەڕەكان ئەنجامدراون، دەستیانكردووە بە ڕادەستكردنی چەك و كەرەستەی سەربازییەكانیان لە ژێر چاودێری هێزەكانی ڕووسیا.
هـ.ئ
Comments are closed.