قەڵادزێ
دوێنێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانى گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیلی کرد، بەهۆی ئەو بۆردوومانەوە دوو کەس بریندار بوون یەکێک لەوانە کە ژنێک بوو شەهید بوو.
گوندی بۆکریسکان دەکەوێتە بناری قەندیل لەسنووری پشدەر، ئەم گوندە پشکی شێری بۆردوومانەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورکی بەردەکەوێت بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە ناوچەیەکى گرنگە قەندیلەوە، بۆیە دانیشتووانەکەى بەردەوام زیانی گیانى و مادییان هەبووە بەهۆی ئەو هێرشانەى دەوڵەتى فاشیستى تورکەوە.
دوێنی وەکو هەموو جارەکانى دیکە گوندی بۆکریسکان کەوتەوە بەر هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک، بۆردوومانەکە سەرلەبەیانى بوو، یەکەم هێرشی فڕۆکەکان بۆناو گوندەکە بوو بەهۆیەوە هاوڵاتییەک بەناوی میرزا ئیبراهیم بریندار بوو.
ئەستى محەمەد ژنێکى گوندەکەیە ماڵی چەند مەترێک لە شوێنى بۆردوومانەکەوە دوورە کاتێک ویستوویەتى بەدەم بریندارەکەوە بچێت، فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی دەوڵەتى تورک مووشکی دووەم لەناو گوندەکەو لەبەردەم ماڵەکەى ئەو ژنە دەدات و بریندار دەبێت.
هەرچەندە دەستبەجێ لەلایەن ئەمبۆڵانسی نەخۆشخانەى بناری قەندیلەوە و لەگەڵ کارمەندێکی تەندروستی نەخۆشخانەکە ڕەوانەى نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە دەکرێت، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەیەوە و لە ڕێگا گیان لەدەست دەدات و دەچێتە کاروانی شەھیدانەوە، هەر لە شارۆچکەی ڕانیە لە گۆڕستانی ھەوارە بەرزە بەخاک دەسپێردرێت.
ئەستى محەمەد تەمەنى کە ٥٠ ساڵ بووە دایکى حەوت منداڵە، ئەو ژنێکی نیشتیمانپەروەر و وڵاتپارێز بووە، لە هەموو چالاکییەکانى خەڵکی بناری قەندیل بەشدار بووە، بەتایبەت لەو چالاکیانەى کە تایبەت بوون بۆ ڕاگرتنى بۆردوومان و هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک.
ئەستی محەمەد خەڵکی گوندی زەنگڵانی بناری قەندیلە و ماوەی چەندین ساڵ لە شارۆچکەی ڕانیە ژیاوە، بەڵام ماوەی ١٠ ساڵە لەگەڵ خيزانەکەیدا لە گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیل دەژین و سەر قاڵی کاری ئاژەڵداری بوون لەو گوندە.
تەنها لە مانگی ئەیلولدا ئەمە سێیەم جارە فڕۆکەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک بناری قەندیلیان بۆردوومان کردوە و دوو جارەکەى دیکە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانى مەدەنی گوندی ئێندزێی کردە ئامانج و زیانی مادی زۆریشی بەهاوڵاتییان و شارەوانى بناری قەندیل گەیاندوە.
هـ.ح
Comments are closed.