ناوەندی هەواڵەکان
لە دەرئەنجامی نزیکبوونەوەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، سعودیە داوای لە ئەمریکا کردوە ڕێگای پێبدرێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەی وێستگەی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، بەوهۆیەوە لەهەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ ئیسرائیل و بەمەش دوای ٢٠ ساڵ سعودیە دەستبەرداری “ئاشتی عەرەبی” دەبێت
نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر ڕابەرانی وڵاتانی عەرەب لە ڕیاز بە مەبەستی جەختکردنەوە لە دەستپێشخەری “ئاشتی عەرەبی” کۆبوونەوە و بەڵێنیاندا، لە ڕووی دیبلۆماتییەوە دان نەنێن بە ئیسڕائیلدا، تاکو چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان نەدۆزرێتەوە.
لەوچوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە زاری سێ بەرپرسی ئیسرائیلی کە ئاگاداری بابەتەکەن، نووسیویەتی، سعودیە بە وازهێنان لە دەستپێشخەری “ئاشتی عەرەبی” بە بێ ئەوەی چیدیکە لەهەوڵدابێت بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی فەلەستین، خەریکە ئامادەکاری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.
تائێستا بەرپرسانی سعودیە لەگەڵ وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە واشنتن، هیچ کاردانەوەیەکیان لەبارەی ئەو ڕاپۆرتەوە نەبوە، نە پشتڕاستی دەکەنەوە نەوەک ڕەتی دەکەنەوە، ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، کە لەم هەفتەیەدا سعودیە بۆ یەکەمجار ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئامادەبوونی گشتی وەزیرێکی ئیسرائیل بۆ وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی، هەروەها بڕیارە دوو وەزیری دیکەی ئیسرائیلیش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی عەرەبستانی سعودیە بکەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی ڕیاز و بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن بۆ پێشخستنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، ڕیاز لە ڕوانگەی ئیسرائیل نزیک بووەتەوە کە لەبری ئەوەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، مەرجی سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین دابنێت، هەوڵ بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات و دەستکەوتی سیاسی بۆ فەلەستینییەکان بدات.
هەر لەسەر ئەو پرسە شازادەی جێنشینی سعودیە هەفتەی ڕابردوو بە فاکس نیوزی ڕاگەیاندبوو، کە ڕیاز ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرامبەر وەرگرتنی ئیمتیازات بۆ فەڵەستینییەکان، ئاسایی بکاتەوە.
محەممەد بن سەلمان لە وەڵامی پرسیارێکی فاکس نیوز، سەبارەت بە قۆناغی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان وتی “ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ لەو ڕێککەوتنە نزیکتر دەبینەوە.”
لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند وڵاتێکی عەرەبی بە نێوەندگیری ئەمەریکا ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و لە ئێستاشدا، لە درێژەی ئەو هەوڵانەدا ئەمەریکا داوا دەکات ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیل، کە دوو هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجام بدرێت.
شایەنی باسە ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ماوەیەک پێش ئیستا بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکایی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووە، کە چوارچێوەیەکی گشتی لە ڕێککەوتنی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل لەسەر هەندێک بنەما دەستەبەر بووە، لەوانەش پێدانی ئیمتیازات بە فەڵەستینییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە.
ر.س
Comments are closed.