ئاستی هەناردەی غازی عێراق ڕوو لە زیاد بوون دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

یاریدەدەری وەزیری نەوت ڕایگەیاند، عێراق ٢٥ هەزار تۆن غازی کۆگاکراوی هەناردە کردووە و هەوڵیش دەدات، رێژەی هەناردەکردنی غاز لە بەسڕە بۆ پاڵپشتی ئابووری نیشتمانی زیاد بکات و بەدوای بازاڕی نوێشدا دەگەڕێت بۆ زیادکردنی ئاستی هەناردەکردن.

ئەمڕۆعیزەت سابر، یاریدەدەری وەزیری نەوت بۆ کاروباری غاز لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ، کۆمپانیای غازی بەسرە بەرزترین رێژەی غازی کۆگاکراوی هەناردەکردووە، کە بە ٢٥ هەزار تۆن غازی کۆگاکراو تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوتی عێراق کار دەکات بۆ گەیشتن بە بەرزترین رێژەی هەناردەکردن بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی دارایی عێراق و دەشڵێت” بە هاوکاری کۆمپانیای غازی بەسرە، هەوڵدەدەین رێژەی هەناردەکردنی غاز زیاد بکەین و بەدوای بازاڕی نوێشدا دەگەڕێین بۆ هەناردەکردن”.

لای خۆشیەوە سوڵتان ئەلمالیکی، بەڕێوەبەری بازرگانی کۆمپانیای بەسڕە غاز رایگەیاند، لە هەندێک ناوچەدا غازی کۆگاکراو بەهایەکی بەرزتری هەیە بەهۆی ئەوەی ئەو غازە لە پیشەسازی کیمیاییدا بەکاردەهێندرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە عێڕاق لە ٢٠ـی شوباتی ٢٠١٦ یەکەم هەناردەکردنی غازی کۆگاکراوی بە قەبارەی ١٦هەزار تۆن ئەنجامداوە و ئەندامێکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنی غاز ساڵانە ١٠ ترلیۆن دینار لەسەر عێراق دەکەوێت.

ر.س

Comments are closed.