شارەزایەكی ئەمنی: هۆكاری هاتنی هێزەكانی ئەمریكا بۆ عێراق و سووریا ئاشكرا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا لەسەر سنووری عێراق و سووریا وایكرد، دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق ڕێوشوێنی ئەمنی پێویست بگرنە بەر، شارەزایەكی ئەمنیش دەڵێت: جوڵەكانی ئەمریكا لەو ناوچانە بۆ ڕێگرییكردنە لە ناردنی چەك بۆ “حزبوڵای لوبنان” لە ڕێگەی سووریاوە.

ئەحمەد شەریفی شارەزای ئەمنی عێراق لەبارەی هاتنی هێزەكانی ئەمریكا بۆ سەر سنووری عێراق و سووریا و ئامانجەكانی ئەو هێزە، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەحمەد شەریفی ڕایگەیاند، جوڵەی هێزە بیانیەكان و ئەمریكا لەسەر سنووری عێراق و سووریا  هێشتا بەردەوامە، بە ئامانجی ڕێگریكردن لە ناردنی چەكە بۆ “حزبوڵای لوبنان” لە ڕێگەی سووریاوە، هەروەها ڕێگرییكردن لە چوونی هێزەكانی حەشدی شەعبییە بۆ سووریا و لوبنان.

دەشڵێت: هاتنی سەربازە ئەمریكییەكان نیگەرانی لای دەسەڵاتدارە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی درووست كردووە، ئەمەش وای كرد هێزە ئەمنییەكانی عێراق زیاتر چاودێری جموجۆڵەكانی هێزەكانی ئەمریكا بكەن، چەندین خاڵی پشكنینیان لەسەر سنوور داناوە، بە مەبەستی ڕێگریی لە قاچاغی و هاتووچۆی چەتەكانی داعش.

ئەحمەد شەریفی هۆشداری دەدات، لەوەی جارێكی دیكە چەتەكانی داعش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سووریاوە دزە بكەنە ناو بیابانەكانی ڕۆژئاوای عێراق، هەروەها جوڵەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر سنوور گومان درووست دەكات، ڕەنگە ببێتە هۆی درووستبوونی بۆشایی ئەمنی و چەتەكانی داعشیش ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی بە زرێپۆش و سیستەمی چاودێری پێشكەوتووەوە لەسەر سنووری سووریا جێگیربوون، بە ئامانجی ڕێگرییكردن لە دزەكردنی چەتەكانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق.

عێراق بە نزیكەی ٦٢٠ كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە، ئەم سنوورەش یەكێكە لە دیارترین ئاڵنگارییە ئەمنییەكان بۆ عێراق، سنوورەكە لە پارێزگای ئەنبارەوە لە ڕۆژئاوای عێراق درێژ دەبێتەوە تا پارێزگاری نەینەوا، كە هاوتایە لەگەڵ پارێزگای حەسەكە لە دیوی سووریاوە.

ژمارەی ئەو هێزە عێراقیانەی بە درێژایی سنووری عێراق و سووریا جێگیركراون، بە زیاتر لە ٥٠ هەزار سەرباز مەزەندە دەكرێت، كە بەسەر هێزەكانی پاسەوانی سنوور و سوپا و پۆلیسی فیدراڵیدا دابەشكراون، جگە لە بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی.

هـ.ئ

Comments are closed.