ناوەندى هەواڵەکان
دکتۆر حەبیب مەحمود دەڵێت: کیسی جگەر جۆری زۆرە، ھەندێکیان ھەر کیسی ئاوی ئاساییە و ھیچ کێشەیەکی تەندرووستی بۆ چارەخواز درووست ناکات، دەشڵێت: سەوزە و میوەی كەم شۆراوە یان نەشۆراوە، كە پیسبووە بە پیسی سەگ، مەڕ و بزن دەبێتە هۆى درووستبوونى کرمى جگەر.
دکتۆر حەبیب مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەری ناوسکبینی و قەڵەوی و کۆئەندامی هەرس، لە نووسینێکدا ئاماژە بە کیسى جگەر و هۆکارەکانى درووستبوونى کرمى جگەر و چارەسەرییەکانى دەکات و دەقى نوسینەکەشى بەمجۆرەیە:-
کیسى جگەر چییە؟
کیسی جگەر جۆری زۆرە، ھەندێکیان ھەر کیسی ئاوی ئاساییە و ھیچ کێشەیەکی تەندرووستی بۆ چارەخواز درووست ناکات.
ئەوەی، کە گرنگە و لێرەدا باسی دەکەین کیسی کرمی جگەرە، کە بەهۆی مشەخۆرێكەوە درووست دەبێت، كە پێی دەڵێن (كرمی شریتی)، دوای ئەوەی هێلكەی كرمەكە دەچێتە جەستەى كەسی توشبوو دەبێتە هۆی درووستبوونی كیسی پڕ لە شلە، كە لە جگەر، سییەكان، ماسولكە، ئێسك و گورچیلە زۆرترە.
ئەم کرمانە چۆن دەگوازرێتەوە بۆ جەستەى مرۆڤ؟
هۆی سەرەكی گواستنەوەی كرمەكە خواردن و هەندێك لە جۆری سەوزەواتە، كە پیس بووە بە پاشەڕۆی ئەو گیاندارانەی، كە تووشبوون بەو حاڵەتە، لەوانەش:-
یەکەم– سەگ، لە ڕێگەی دەست لێدانی خۆی یان پیساییەكەی.
دووەم– مەڕو بزن، لە رێگای گۆشتەكەی یان دەست لێدان لە پیساییەكەی.
سێیەم– سەوزە و میوەی كەم شۆراوە یان نەشۆراوە، كە پیس بووە بە پیسی ئەو ئاژەڵانە.
نیشانەكانی كیسی كرمی جگەر چین؟
لە سەرەتادا كەمتر هەستی پێ دەكرێت، بەڵام ئەو كاتەی كیسەكە قەبارەی گەورە دەبێت نیشانەكانی دەردەكەون بەپێی شوێنی كیسەكە لەوانەش:-
یەکەم– لە جگەردا سك ئێشە، دڵ تێكچوون و ڕشانەوە، زەردووی.
دووەم– لە سییەكاندا، هەناسە كورتی و كۆكەی درێژخایەن، ئازاری سنگ.
سێیەم– هەندێك جاریش نیشنەكانی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و كێش لە كەسەكە دەردەكەوێت.
چارەسەكردنەكان کامانەن؟
لە هەندێك حاڵەتدا بە دەرمان چارەسەر دەكرێت، لە هەندێكی دیكەشدا پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت.
ئـ.م
Comments are closed.