بەختیار هەڵەبجەیی ئەو شێوەکارەی ئازاری گەلەکەی لە هونەرەکەیدا بەرجەستە دەکات

ئاکام جەزا

شێوەکارێک، کە لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە ئازار و ڕووداوە پڕ ئێشەکانی نەتەوەکەی کردووە بە پەیکەر، چەندین ساڵە لە کارگەی کەلتووری شاری سلێمانی لەنێو هۆڵێکی سادە و ساکارەوە شاکارەکانی نیشان داوە.

بەختیار هەڵەبجەیی
بەختیار هەڵەبجەیی

بەختیار هەڵەبجەیی، هونەرمەندێکی شێوەکاری باشووری کوردستانە، تەمەنێکە لە ڕێگەی هونەری شێوەکارییەوە هەڵوێستە مرۆیی و نەتەوەییەکانی بەرجەستە کردووە، پرسی ژن، ئازار و نادادییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەش بەشێکی دانەبڕاون لە کارەکانی.

بەختیار هەڵەبجەیی، شێوەکار و پەیکەرسازێکی باشووری کوردستانە، ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لە دایک بووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری هەبووە، دواتریش درکی بەوە کردووە، کە تواناکانی ئەم لە پەیکەرتاشیدا خۆیان دەبیننەوە و هەر  ئەمەش وایکردووە، کە زوو بتوانێت دەست و پەنجەکانی لەگەڵ هونەری پەیکەرسازیدا شل بکات و سەرکەوتووانە ئەسپی خۆی لە بوارەدا تاو بدات.

بەختیار لەبارەی کاری هونەرییەوە باس لەوە دەکات، کە هونەر چەکێکە و بەکاری دێنێت بۆ ئەوەی خەیاڵەکانی لەمەڕ پرسە مێژوویی و هەنووکەییەکان، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدان بئافرێنێت وەک کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال و جینۆسایدە بەردەوامەکانی سەر گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانەوە، لە ڕێی تابلۆ، سیرامیک، پەیکەر و بەرجەستەکردنی ئەو برینە قوڵەی لە ناخی کوردەکاندا درووست بووە و هەزارەها ساڵە پەنگی خواردووەتەوە.

ئەم هونەرمەندە، ئاماژە بەوەدەدات، سەرەڕای ئەوەی نەیتوانیوە خوێندنی ئەکادیمی لە بواری هونەریدا تەواو بکات، بەڵام ئەوە نەبووەتە بەربەست لە بەردەمی بۆ گەیشتن بە خولیاکانی، تاکو ئاستێکی باش تواناکانی خۆی لەو بوارەدا پێشخستووە توانیوێتی خەونی خۆی لە بواری هونەردا بهێنێتە دی و کاری تێدا بکات.

وتیشی، خۆی لە ئازار و نەهامەتییەکانی گەلەکەی جیا نەکردووەتەوە و هەوڵیداوە لە ڕێی چەکی هونەرەوە دەنگە کپکراوەکانی گەلی کورد بگەیەنێت بە جیهان.

بەختیار هەڵبجەیی ئەوەشی خستە ڕوو، پەیکەرسازی بەلایەوە جوانی و ئیستاتیکایەکی تایبەت بەخۆی هەیە و هەر هونەرمەندە و بە جۆرێک کارە هونەرییەکانی دەخاتە ڕوو، ئەمیش بە شێوازێک کار دەکات، کە خۆی وابەستەی هیچ قوتابخانە و ڕێبازێکی هونەریی دیاریکراو نەکردووە، هەمیشە هەوڵیداوە بە ئازادانە خەیاڵەکانی نێو هزریی بە بەرجەستە بکات.

وتیشی: کارکردن لەو هۆڵەدا وایکردووە هەست بە ئارامییەکی سرووشت بکات، بە شێوەیەک ئەوە تاکە شوێنە بتوانێت دووری بخاتەوە لە جەنجاڵییە سیاسییەکان و بەهەشتێکە تاکوو بە ئاسوودەیی هەناسەی تێدا بدات.

ش. ئـ

Comments are closed.