سلێمانی، مێژوویەک لە پێکەوە ژیان

عەتا مەحمود

یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی، کە مێژووی بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای درووستبوونی سلێمانی، گەڕەکی “ سابونکەران”ە، دیارە ناوی گەڕەکەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە ساڵانی زوودا دانیشتووانەکەی سەرقاڵی پیشەی درووستکردنی سابوون بوون، ئەم گەڕەکە لە ئێستادا لە سەنتەری شاردایە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سەرای سلێمانییەوە، لە کۆمەڵێک کۆڵانی باریک و پێچاوپێچ پێکهاتووە، لەنێو یەکێک لە کۆڵانە باریکەکاندا کڵێسایەک هەیە بە ناوی « مریەم عزەراء – مرەیەمی پاکیزە»، بە بێ باسکردنی ئەم کڵێسایە و ئەم گەڕەکە، کە بە گەڕەکی مەسیحییەکان ناسراوە، مێژووی شار بەشێکی گرنگی ناتەواو دەبێت، چونکە هەر لە کۆنەوە ئەم شارە شوێنی نیشتەجێبوونی هەڵگرانی ئایین و بیروڕا جیاوازەکان بووە، دوو گەڕەکی گەورەی ئەم شارە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە گەڕەکی جولەکان و گەڕەکی مەسیحییەکان ناسراون، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە لە گەڕەکی جولەکان، هەڵگرانی ئایینی جولەکە نیشتەجێ بوون، بەڵام لە سەردەم و بارودۆخێکی تایبەتدا کە لەم وتارەدا بواری باسکردنیمان نییە، سلێمانییان بەجێهێشتووە، گەڕەکی مەسیحییەکانیش شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی هەڵگرانی ئایینی مەسیحی بوون، مەسیحییەکان بەشێکی ڕەسەن و دێرینن لە خەڵکی شار و تا ئێستا لەم شارەدا نیشتەجێن.

عەتا مەحمود
عەتا مەحمود

گەر بمانەوێت باس لە ڕابردووی شار بکەین و لاپەڕەکانی مێژووی هەڵبدەینەوە، دەبێت لە بنەماڵەی بابانەکانەوە دەست پێبکەین، کە چۆن شاریان بنیاتناوە و دەسەڵات و حوکمڕانی ئەمارەتەکەیان تێدا دامەزراندووە، گەڕەکەکانی مەڵکەندی، کانی ئاسکان، دەرگەزێن و سەرشەقامیان درووست کردووە، وەک چۆن باس لە سەرچنار، چیای گۆیژە و ئەزمەڕ و گڵەزەردە، کارێزی وەستا شەریف و مامەیارە و گردی سەیوان، بەردەرکی سەرا و مزگەوتی گەورە دەکەین و ئاماژە بە ڕۆڵ و پێگەی پیاو چاک و کەسایەتی و شاعیران و ناودارانی ئەم شارە دەدەین، دەبێت باسی کڵێسای مریەم و چەند کەسایەتییەکی مەسیحیش بکەین، کە لە ڕابردوودا خزمەتیان بەم شارە کردووە. بە نموونەی:

– کەسایەتییەکی وەک “کەریمی عەلەکە”  کاری بازرگانیی کردووە و دەست و دڵێکی فراوانی هەبووە و یارمەتی هەژارانی داوە و لە حکومەتەکەی شێخ مەحمودیشدا، وەزیری دارایی بووە.

– دکتۆرە” نەوال ئیسحاق” ی دەرمانساز، کچەزای کەریمی عەلەکە بووە و دەرمانخانەی “سلێمانی” هەبووە، ساڵانێک خزمەتی بە نەخۆشەکان کردووە.

– خاتوون “میخائیل یونان” ناسراو بە سستەر خاتوون، کە یەکەم مامانی ڕێگەپێدراو بووە و زۆرێک لە منداڵانی ئەم شارە لەسەر دەستی ئەودا لەدایکبوون،  شەوان بە نهێنی و بەناوی مامانییەوە تەداوی و تیماری پێشمەرگەی برینداری کردووە.

– قەشە یوسف پەری کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە گەشەدان بە کەلتووری پێکەوە ژیان و فراوانکردن و پێشخستنی کڵێسەکە.

– هونەرمەندان ولیەم یوحەننا، فرەنسیس داود و چەندانی تر.

– کڵێسای مریەم ی پاکیزە: ئەم کڵێسایە لە ساڵی (١٨٦٢ز) لەسەر دەستی ( شەماس یەڵدا) دا درووست کراوە، سەر بە کەنیسەی (کاسۆلیکی کلدانە) لە خۆشەویستی (مریەم) دایکی پەیامبەر (عیسا)وە بەم ناوە وە ناونراوە، هەر لە خۆشەویستی بۆ دایکی پەیامبەر، لە بەغدا و سوریا و ئیتاڵیا، بەم ناوە وە «مریەم عەزراء » کڵێسا هەیە.

– چۆنێتی درووستکردنی:

وەک باسدەکرێت، لە نێوان دەوڵەمەند و کەسایەتی و بازرگانەکانی شاردا کۆمەک کۆکراوەتەوە بۆ درووستکردنی ئەم کڵێسایە، لە نێو بازرگان و دەوڵەمەندەکاندا، هەڵگرانی ئاینی ئیسلام و جولەکە و مەسیحیش هەبووە، هەموویان پێکەوە بەشداربوون لە بنیاتنانیدا. هەر بۆیە لە سەرەتاوە تا ئێستا بووەتە ڕەمزی پێکەوە ژیان. ئەگەر سەرنج بدەین لەم گەڕەکەدا بە دووری چەند سەد مەترێک لە کڵێسەکەوە منارە و بڵندگۆی چەند مزگەوتێک دەبینرێت وەک مزگەوتی هەمزاغا و تەکێی تاڵەبانی و …هتد، کە ئەمەش شوێنی خوداپەرستی هەڵگرانی ئایینی ئیسلامە، ئەوەش هەر ئاماژەیەکە بۆ جیاوازی بیروڕا و ئایین و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە. واتە مەزاری پێکگەیشتنی ئایینە جیاوازەکان بووە، چونکە هەر لە کۆنەوە لە گەڕەکەکانی دەوروپشتی کڵێسەکەدا هەڵگرانی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە (ئیسلام و مەسیحی و جولەکە) نیشتەجێبوون، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە هەبووە و ئەو پیرۆزییەیان پاراستووە.

لە سەرەتادا درووستکردنی کڵێساکە بەم شێوەیەی ئێستای نەبووە، گومەزی هەبووە، لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بەر بوردوومان کەوتووە و شێوەی خۆی لەدەستداوە، لە کاتی خۆیدا سەر بە (ئەبرەشییەی کەرکوک) بووە، کە ئەوکات قەشە (عەمانوئێل) دەبێتە قەشەی فەرمی کڵێسەکە و سیستمی کەنیسەی تێدا دادەمەزرێنێت. دوا بەدوای ئەوە لە حەفتاکان قەشە (یوسف پەری) بە فەرمی دەبێتە قەشەی کڵێسکە و چەندین خزمەتی کردووە بۆ سەرجەم ئایینە جیاوازەکانی شار. دوای ئەوە (مەتران عبەدولئەحد ڕەبان) هاتووە، کە خەڵکی شەقڵاوە بووە کەسێکی ناسراو بووە، سەربەخۆیی وەردەگرێت لە سلێمانی و تا ساڵانی دوایی لەوێ دەبێت، لە ساڵانی کۆتایی هەشتاکاندا نۆژەن کراوەتەوە و لە ساڵی (٢٠٠٢) دووچاری ڕووداوی سوتان دەبێت و جارێکی تر نۆژەن دەکرێتەوە، لە ساڵی (٢٠١٢) ەوە ئەنجومەنی ڕاهیبان ئەم کڵێسەیان وەرگرتووە لەسەر دەستی قەشە (پاولۆ ئۆلیۆ)  لە ئیتاڵیا، ئەم ئەنجومەنەیان دامەزراندووە و کڵێسەکیان وەرگرتووە، وایان لێکردووە ببێتە نیمچە مۆزەخانەیەک، یاخود شوێنێکی کەلتووری بۆ سەردانکەران. ئێستا خولەکانی فێربوونی زمان و وێنەکێشان و مۆسیقا، بە خۆبەخشی یان بە پارەیەکی کەم و بەبێ جیاوازی بۆ هەموو کەسێکی شارەکە دەرگای کراوەیە. لە هەموو سەردەمەکاندا و بە تایبەت لە کاتی کۆڕەو و ڕاپەڕیندا شوێنی یارمەتیدانی ئاوارە و خەڵکانی بێ لانە و کەم دەرامەت بووە. لە ئێستادا قەشە (ئەبو یانز) لە ئەڵمانیاوە هاتووە، سەر بە ئەنجوومەنی ڕاهیبانە، سەرپەرشتی دەکات. ئامانجیان ئەوەیە ببێتە شوێنی کاری مرۆیی و خۆبەخشی و پێکەوە ژیان بێ جیاوازی ئایینی.

لە نێو کڵێسەکەدا، گۆڕستانێک هەیە، گۆڕی چەند کەسێکی ئینگلیزی لێیە، کارمەندی درووستکردنی بەنداوی دوکان بوون، کە کۆچی دواییان کردووە لەوێدا نێژراون، لەگەڵ گۆڕی قەشەیەک و چەند کەسایەتییەکی شاری سلێمانی کە لە کاتی خۆیدا لێرەدا نێژراوون.

– قەشە یوسف پەری:

لە ساڵانی شەستەکان بۆ حەفتاکان، یوسف پەری دەبێتە قەشەی کڵێسەکە، درێژە بەو پێکەوە ژیانە دەدات، بەو پێیەی خۆی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بووە، چەند موڵکێکی نزیک لە کڵێسەکە وەردەگرێتەوە، کە لە بنەڕەتدا موڵکی کڵێسەکە بوون، بە کرێیەکی زۆر کەم و ڕەمزی داوێتی بە خەڵکی ئایینە جیاوازەکان، بەوەش داهاتێک بۆ کڵێسەکە درووست دەکات، تاوەکوو پێویستی بەکەس نەبێت و بەو داهاتە کاروبارەکانی کڵێسەکەی پێ بەڕێوەبەرن. لە سەردەمی (قەشە یوسف پەری)دا، کڵێسەی مەریەم تیپی سروودی دامەزراندووە، کە هونەرمەندان  (ولەیەم یۆحەننا) (فەرید عیسا) ( ئەلبێرت عیسا) و (فرەنسیس داود) سەرپەرشتییان کردووە، لە ساڵانی حەفتاکاندا، کاتێک شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە دژی ڕژێمی ئەوکات لە قۆناغی شۆڕش و بەرگریکردندا بووە، لەنێو بنمیچی هۆڵی نوێژکردنەکەدا شوێنی خۆحەشەردانی بۆ ئەو کەسانە درووست کردووە، کە لە سەربازی هەڵهاتوون و یاخود کەسانی سیاسی و یاخی لە دەسەڵات بوون، هەر لەسەردەمی قەشە یوسفدا، کڵێسەکە چەند گەشتێکی زانستییان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سلێمانیدا ئەنجامداوە، هەر بۆیە، سەردەمی سەرپەرشتیکردنی ئەم قەشەیە بە سەردەمی زێڕینی کڵێسەکە دادەنرێت. لە ساڵی (٢٠٠٣) قەشە یوسف لە فەڕەنسا کۆچی دوایی دەکات، لەسەر وەسێتی خۆی، کە وەسێتی کردبوو لە شاری سلێمانی و لەنێو کڵێسەکەدا بنێژرێت، بە ئاڵای کوردستانەوە تەرمەکەیان هێنایەوە و لە نێو کڵێسەکەدا بە خاکیان سپاردووە.

بەراوردێک و خۆزگەیەک:

لە شاری باترۆن، لە لوبنان، ناوچەیەکیان هەیە، کە هاوشێوەی گەڕەکی سابوونکەران، کۆمەڵێک گەڕەکی کۆن و باریک و پێچاوپێچە، خانووەکانی ساڵانی پێشوویان وەک خۆی ماوەتەوە، کڵێسەیەکی لێیە، کە مێژووەیەکی کۆنی هەیە، ئەوان توانیاویانە بیکەنە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکە، کۆمەڵێک قاوەخانە و کافتریای لێیە، کورسی و مێزیان لە بەردەم دوکانەکانیان بە دیزانێکی جوان ئاوێتە بە ئینجانە و گوڵ و گوڵزار داناوە. کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار بە پاس گەشتیارەکان دەبەن تا دەروازەی گەڕەکەکە، لەوێوە ئیتر بواری ئەوە نییە ئۆتۆمبێل بە کۆڵانەکاندا تێپەڕێت، کۆمەڵێک ماتۆڕی سێ تایییان ئامادە کردووە، کە هەر ماتۆڕێک، سێ کەس سەردەخەن بە بڕی (١٥) دۆلار، واتە هەر یەک کەس و (٥) دۆلاری لێوەردەگرن و بە کۆڵانە باریکەکاندا پیاسەی پێدەکەن، دیمەنی خانووە کۆنەکان و کڵێسەکە، کە دیوارەکانی لە بەردی گەورە گەورە درووست کراوە، سەرنجی گەشتیارەکان ڕادەکێشێت، بەم کارەش جگە لەوەی دەرفەتی کاریان بۆ دەیان گەنجی خاوەن ماتۆڕ درووست کردووە، دوکاندار و قاوەخانە و کافتریاکانیش سوود مەند دەبن لە گەشتیارەکان. ئاو و چا و قاوەش دەفرۆشن.

کاتێک گەڕەکی سابونکەران و کڵێسەکە دەبینم، بیر دەکەمەوە و دەڵێم: دەکرا و دەمان توانی سوود لە دیزاینی خانووە کۆنەکان و کڵێسەی ئەم گەڕەکە کە مێژووی بنیاتنانی زیاتر لە (١٥٠) ساڵە، وەربگرین بۆ کارێکی هاوشێوەی شاری باترۆن، کە جگە لەوەی خەڵکی گەڕەکەکە سوودمەند دەبوون و چەندین دەرفەتی کاریان دەستدەکەوت، لە هەمان کاتیشدا پاراستنی مێژوو شوێنەوار و شارستانییەتی خۆمانە، بەڵام بەداخەوە هەر لە نێو کۆڵانە باریکەکانی ئەم گەڕەکەدا کە هاتووچۆی ئۆتۆمبیڵ تێدا ئەستەمە و کارێکی گرانە، بە دەیان خانووم بینی کە تێکدرابوون و کرابوون بە پارکی ڕاوەستاندنی ئۆتۆمبیل! بەم کارەش بەشێک لە جوانی و دیمەنەکۆنەکانی گەڕەکەکەیان شێواندووە!.

ئـ.م

Comments are closed.