دانیشتووانی حەمدانیە: هیچ دەزگایەكی تایبەتمەند نییە بەدوای تەرمی قوربانییەكاندا بگەڕێت

نەینەوا

دانیشتووانی حەمدانیە ڕایدەگەیەنن، هیچ دەزگایەكی دیاریكراو نییە بۆ گەڕان بەدوای كەسانی بێسەروشوێن، كە لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گیانیان لەدەستدا، دەشڵێن: دانیشتووانی حەمدانییە خۆیان خۆبەخشانە بەدوای كەسانی بێسەروشوێندا دەگەڕێن.

شەوی ٢٦ـی ئەم مانگە لە شارۆچكەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای موسڵ، لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیرییدا، بەهۆی هەڵدانی یارییە ئاگرینەكانەوە لەناو هۆڵی “ئیبن هەیسەم” ئاگرێك كەوتەوە و بەهۆیەوە ١١٥ كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٠٠ كەسی دیكەش برینداربوون.

عەلی حسێن شەبەکی
عەلی حسێن شەبەکی

عەلی حسێن شەبەکی یەكێكە لەو خۆبەخشانەی كە بەدوای تەرمی قوربانییەكانی حەمدانییە دەگەڕێت، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەهۆی نەبوونی دەزگایەكی تایبەتمەند و فەرمی بۆ دۆزینەوەی تەرمی بێسەروشوێنانی ڕووداوەكە وایكردووە، كە خۆمان بە دوای قوربانییەكاندا بگەڕێین.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستا لە شوێنی ڕووداوەكەی حەمدانییەین بۆ گەڕان بە دوای بێسەروشوێنەكاندا، كە ژمارەیان ١٨ كەسە، پێویستە حكومەت دەزگایەكی تایبەتمەندی هەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەكان ڕزگار بكات.

ئەو خۆبەخشە دەڵێت، وەك دەبینین دار و بەردی هۆڵە سوتاوەكە لە شوێنی خۆیدا ماوە، ئەمەش مانای وایە هیچ هەوڵ و گەڕانێك نییە بەدوای قوربانییەكان.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستیی نەینەوا بڵاوی كردەوە، چوار لە بریندارانی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە حەمدانییە ڕەوانەی قەتەر كراون، تەرمی ٣٨ كەسیش ناناسرێنەوە، هەروەها لە نەخۆشخانەی جمهووری لە نەینەوا ١١ بریندار تێدایە، نەخۆشخانەی حەمدانییە حەوت برینداری ڕووداوەكەی تێدایە، لە هەریەك لە پارێزگاكانی هەولێر ٢١ و لە دهۆكیش  و ١٢ برینداری ڕووداوەكە چارەسەر وەردەگرن.

هەروەها یەكێك لە بریندارەكان كە ژنێكە، بەهۆی بوونی شكاوی لە جەستەیدا ڕەوانەی رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور كراوە، تا ئێستا تەرمی ١٠١ كەس گوازراوەتەوە، كە ٣٨ تەرمیش ناناسرێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.