ناوەندی هەواڵەکان
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، سیاسەت و هەڵوێستی فەرمی پارتەکە لەلایەن هاوسەرۆکایەتی و ئەنجوومەنی پارتەکەوە دەخرێتە ڕوو، جەختیشی کردووەتەوە، ڕژێمی ئێستای ئێران چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەکی لێ ناکرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی وتاری ئەندامێکی پژاک لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە، هەندێک ڕەخنە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەو بارەوە ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە.
پژاک لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: هەر ئەندامێکمان لەوانە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری مافی ئەوەیان هەیە کە ڕوانگە و هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕای گشتی بخەنە ڕوو، بەڵام هەڵوێستی فەرمی پارتەکە لەلایەن هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنی پارتەکەوە دەردەبڕدرێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک:
بۆ ڕای گشتی:
لەبارەی ڕەخنەکانی ئەم دواییەوە
لە ڕۆژانی ڕابردوودا وتارێک بڵاو کراوەتەوە کە هەندێک بابەتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی شۆڕش و بەرنامەکانمانی لەخۆ گرتووە، هەر ئەندامێکمان و لەوانە ئەندامانی بەڕێوەبەراتی مافی ئەوەیان هەیە بیر و ڕا و ڕوانگەی خۆیان بۆ ڕای گشتی بخەنە ڕوو، بەڵام هەڵوێست و ڕوانگەی فەرمی پارتەکەمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەلایەن وتەبێژەکانی واتە دامەزراوەی هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنی پارتەکەوە ڕادەگەیەندرێت. پارتەکەمان بەرنامە و پەیڕەوی نووسراوی هەیە کە تیایدا ڕوانگەی تیۆری و سیاسی پارتەکەمان خراوەتە ڕوو، سیاسەتی پارتەکەشمان بە بەردەوامی و بە شێوەی ڕوون لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیداری پارتەکەمانەوە خراوەتە ڕوو. هەربۆیەش هەر وتە و نووسراوێک جگە لەوە، گوزارشت لە ڕای فەرمی ئێمە ناکات و خاوەنی قسە یان نووسینەکە لێی بەرپرسە.
ڕوانگەی پارتەکەمان لەسەر شۆڕش و ڕێکارەکان و بنەماکانی ڕوونە و لەگەڵ هاتنەئارای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ئەو تێڕوانینانە زیاتر و بە کردەوەش بە شێوەی ڕوونتر خرانە ڕوو. هەڵبەت کە بە بوونی ڕژێمی ئێستا، ناتوانرێت چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکاریی و وەرچەرخانێک لە ئێران بن، ئەمەش بە ڕادەیەک ڕوونە کە تەنانەت چالاکوانانی جیهانی لایەنگری هێشتنەوەی ڕژێم دەستبەرداری هەر ڕوانگەیەکی دیکە، جگە لەوە بوون.
هەر بۆیە داوا لە دۆستان و ڕۆشنبیران و گەلەکەمان دەکەین تا بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەکانی پارتەکەمان، کردەوە و پێرفۆرمانسی شۆڕشگێڕانەوە کە لە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی رەوتێکی ڕوو لە گەشەی هەبووە و هەروەها لە سەر بنەمای ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی پارتەکەمان هەڵوێست نیشان بدەن. لەم قۆناغەدا کە شۆڕش و پرسەکانی پەیوەست بەوەوە کاری لە پێشینەمانە و بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەر شانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕەخنانەی لەلایەن دۆستانەوە سەبارەت بەو بابەتە ئاماژەیان بۆ کراوە و هەروەها پێویستە ڕێزگر لەو ڕەخنانە بگیرێت، بۆ پوچەڵکردنەوەی قین هەڵڕشتنی هەندێک کە هەوڵ دەدەن ئەو بابەتە وەک ڕوانگەی فەرمی پارتەکەمان نیشان بدەن، بە پێویستمان زانی کە ئەم راگایەندراوە بڵاو بکەینەوە و ڕوانگەی فەرمی پارتەکەمان ڕابگەیەنین. بە دڵنیاییەوە بەرپرسانی پارتەکەمان ئامادەن وەڵامی سەرجەم پرسیار و نیگەرانییە باس کراوەکان لەو بارەوە بخەنە ڕوو.
هـ.ح
Comments are closed.