ئەزموونی کارکردنی بێ مووچە لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتە ئەمریکا

ناوەندی هەواڵەکان

ئیدارەی ئەمریکا ملیۆنەها فەرمانبەری فیدڕاڵی و سەربازی، بە شێوەیەکی کاتی ناردەوە بۆ ماڵی خۆیان یاخود بەبێ مووچە کاریان پێدەکات، چونکە تا ئێستا کۆنگرێسی ئەمریکا نەگەیشتوە بە دوایین رێککەوتن لە بارەی بودجەی وڵاتەکەوە، پەسەندکردنی بودجەش، خەرجی وەزارەتەکانی پەکخستوە.

ئەندامانی کۆنگرێس لەسەر بودجە رێکنەکەون، ئەوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆتایی بە پاڵپشتیکردنی دارایی بەشێک گەورەی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکا دێت، ئەگەر راگرتنی پاڵپشتی دارایی ئەو بەشەی حکومەتیش بەردەوامبێت، گورزێکی دیکە بەر ئابوری ئەمریکا دەکەوێت.

کۆمارییەکان کە زۆرینەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێکدەهێنن شکستیان هێنا لە پەسەندکردنی کۆمەڵە پڕۆژە یاسایەکی پەیوەست بە دابینکردنی بودجەی وەزارەتەکان، ئەویش بەهۆی تانەگرتنی چەند ئەندامێک کە داوای کەمکردنەوەی رێژەی خەرجی دەکەن.

لە ئێستادا رێژەی بەرزی قەرز و خەرجی ئەمریکا ناکۆکی لە کۆنگرێس هەڵگیرساندوە، ئەوەش کێشەی بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە دروستکردوە، ئەگەر بودجە پەسەندنەکرێت ئەوا بەشێکی دامەزراوە حکومییەکانی ئەمریکا پاڵپشتی دارییان لێناکرێت و فەرمانبەرەکانیشی بێ کار دەبن، ئەو حاڵەتەش بە “داخستنی حکومی” ناسراوە.

لە درێژەی چاوەڕوانی پەسەندکردنی بوودجە، وەزارەتی تەندروستی ئەمریکا وەک یەکەم وەزارەتی حکومەتی ئەمریکا لە رێگەی ئی مەیڵێکەوە، هۆشداریدا کە چەند فەرمانبەرێکی سەر بە وەزارەتەکە، بە شێوەیەکی کاتی بێکار دەبن.

لەلایەکی دیکەوە سابرینا سینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پێنتاگۆن”ڕایگەیاند، ئەگەر کێشەکانی بودجە و حاڵەتی داخستنی حکومی بەردەوامبێت، ئەوا سەربازەکانی سوپا لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام ناتوانن موچەکانیان وەربگرن.

ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا ڕووبەڕووی کێشەی بودجە دەبێتەوە و درێژترین ماوە کە تێیدا کێشە بۆ بودجەی ئەمریکا دروستبوبێت، ٣٥رۆژ بووە ئەویش لە نێوان مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ و مانگی کانوونی دوەمی ٢٠١٩ بووە.

ر.س

Comments are closed.