پژاک: پشتیوانی تەواو و ھەمەلایەنەی خۆمان بۆ گەلی چەوساوەی بەلووچ ڕادەگەیەنین

ناوەندى هەواڵەکان

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک، بە بۆنەی یەکەمین ساڵڕۆژی هەینی خوێناوی زاهیدان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای یەکێتی و یەکڕیزی گەلان بۆ تێکۆشان لە پێناو ئازادی و دیموکراسی کرد و دەشڵێن، پشتیوانی تەواو و ھەمەلایەنەی خۆمان بۆ گەلی چەوساوەی بەلووچ ڕادەگەیەنین.

ڕۆژی هەینی ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٢، لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێكردنی سەرهەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’، خۆپیشاندانێكی گەورە لە شاری زاهیدان ئەنجامدرا و تێیدا هێزە چەکدارەکانى ئێران بە زەبری چەك و توندتوتیژیی هەوڵی بڵاوەپێكردن بە خۆپیشاندەرانیاندا و لە ئەنجامدا نزیکەی ١٠٠ خۆپیشاندەر كوژران و ئەو ڕۆژەش وەك ھەینی ڕەش یان هەینی خوێناوی ناودێر كراوە و بەبۆنەى یەک ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک ڕاگەیەندراوێکى بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کوشتاری ژمارەیەک لە ھاوڵاتیانی ئازادیخوازی بەلووچ لە ڕۆژی هەینی، ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شارەکانی زاھیدان و خاش، بەدەستی ھێزە سەرکوتکارە بکوژەکان، لەلایەن کۆمەڵگای بەلووچ و پێشەنگەکانی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ وەک “هەینی خوێناوی” ناودێر کراوە.

دەشڵێن، ئێمە یادی گیانبەختکردووانی گەلی چەوساوەی بەلووچ لەو ھەینیە ڕەشەدا بەرز ڕادەگرین و پاڵپشتی و پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلانی چەوساوەی ئێران بە تایبەتی گەلی بەلووچ دەکەین.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ڕووداوی هەینی خوێناوی لە ڕۆژی ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢، کە لە دوای ڕاپەڕینی گەلی بەلووچ لە چوارچێوەی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’دا ڕوویدا، بە باشی ڕووی قێزەونی سیستەمی فاشیستی ئێرانی ئاشکرا کرد.

باس لەوەش کراوە، لە کاتێکدا شۆڕشێک لە ژێر ناوی ئازادی گەلان و ژنان دەستی پێکرد، بەرپرسانی فاشیستی ئێران لە شاری ڕاسک دەستدرێژییان کردە سەر کچێکی بەلووچ و دەیانویست شکۆی ئەو گەلە بشکێنن. بەوەش سەلمێندرا، کە لە لوتکەی شۆڕشی ژنان لە پێناو ئازادی، ئەنجامدانی دەستدرێژیی لە لایەن کاربەدەستان و فەرماندەکانی ڕژێم، دوژمنایەتییەکی ئاشکرایە بەرامبەر بە هەموو ژنان.

ئاماژە بەوەش کراوە، ھەر بۆیە ڕاپەڕینی گەلی بەلووچ لە دژی وەها دەسەڵاتێکی خراپەکار ڕەوا بوو و کوشتار و خوێن ڕشتن لە لایەن ڕژیمی دەسەڵاتدار لە زاهیدان و خاش نموونەیەکی زەقی کۆمەڵکوژیی دژی سەرجەم گەلانی چەوساوەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

پژاک دەشڵێن، وەڵامی ڕاپەڕینی دیموکراتیکی زاهیدان و خاش بە گولـلەی جەنگی و کوشندە نیشانەی دڕندەیی ڕژێم بە ئامانجی پەرەپێدانی سیاسەتی جینۆساید دژی گەلی بەلووچ و تۆقاندنی هەموو ئەو گەلانە بوو کە ڕوویان لە شەقامەکان کردبوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کوشتنی نزیکەی ١٠٠ سەرھەڵدێری بەلووچ کە بە شێوەی دیموکراتیک ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە دەستدرێژیی ئاشکرا و بێ باکانەی کاربەدەستانی ڕژێم دەربڕی، خۆی لە خۆیدا نموونەیەکی ئاشکرای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و تا ئەو کاتەی چەوساندنەوە و ستەم کۆتایی پێنەیەت، دەبێت بە ئازادیخوازی و تێکۆشانی گەل ئیدانە و ریسوا بکرێت.

لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، پێویستە گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی بەلووچ لەوە تێبگەن کە ڕاستەوخۆ دوای کوشتاری ٣٠ ئەیلول، دەرکردنی سزای لە سێدارەدان، هەروەها ئەشکەنجە و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە زیندانەکان، وەڵامی دەسەڵاتی فاشیستیی تاران بۆ تێکۆشەرانی سەر شەقام و گەلان بووە، ھەربۆیە ئەم تاوانانە مایەی لێخۆشبوون نین. شێوازی کوشتنی “خودانور لەجەیی” لە ڕاستیدا سووکایەتیکردن بە گەلانی چەوساوە بوو. تۆڵەسەندنەوەی ئەو کوشتارانە تەنها لە رێگەی ئازادی گەلی بەلووچ و بەدیهاتنی دیموکراسی مسۆگەر دەبێت.

لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەى پژاکدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئێمە وێڕای شەرمەزارکردنی کوشتاری ھەینی خوێناویی زاهیدان لەلایەن ڕژیمی فاشیستی ئێرانەوە، یادی ئەو شەهیدانە کە شەهیدی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ن بەرز ڕادەگرین و پشتیوانی تەواو و ھەمەلایەنەی خۆمان بۆ گەلی چەوساوەی بەلووچ ڕادەگەیەنین، کە زۆرترین نادادپەروەری و ستەمیان بەرامبەر کراوە، داواش لە هەموو ئازادیخوازان و دیموکرسیخوازان دەکەین کە گەلی چەوساوەی بەلووچ بە تەنیا جێنەهێڵن و ھەمووان لە ھەڵمەتی ئەو گەلە تێکۆشەرە دژی سیستەمی ستەمکار و فاشیستی ئێران پاڵپشت و پشتیوانیان بین.

لە کۆتایدا ئاماژە بەوەکراوە، بێ گومان یەکڕیزی و یەکێتی نێوان گەلانی چەوساوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە هۆی دەستەبەربوونی ئازادی و دیموکراسی. تێکۆشانی گەلان دەگاتە سەرکەوتن.

ئـ.م

Comments are closed.