چەند وڵاتێك داوای لێكۆڵینەوە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سوودان دەكەن

ناوەندی هەواڵەكان

میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردەوە، هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، نەرویج و ئەڵمانیا داواكارییەكیان پێشكەش بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سوودان بكەن.

لە ١٥ـی نیسانی ئەمساڵەوە، شەڕ و پێكدادانی بەرفراوان لە ژمارەیەك شاری سوودان لە نێوان سوپا بە سەرۆكایەتی عەبدول فەتاح بورهان و هێزەكانی پشتیوانیی خێرا بە سەرۆكایەتیی، محەمەد حەمدان دەگەڵۆ سەری هەڵداوە، بەهۆیەوە بە سەدان كەس كوژراون و بریندار بوون، هەروەها زۆربەی بریندارەكان مەدەنین.

ئاژانسی هەواڵى ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، نەرویج و ئەڵمانیا داواكارییەكیان پێشكەش بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سوودان بكەن، كە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی كوژران و بریندار بوون و ئاوارە بوون.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، داواكارییەكە بەسەر وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكان دابەش كراوە، بەڵام تا ئێستا داواكارییەكە بە فەرمی نەخراوەتە بەردەم سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە.

ئاماژە بەوەش كراوە، هێزەكانی پشتیوانی خێرا تۆمەتەكانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە تێوەگلانیان لە هێرشەكانی دژی خەڵكی سڤیل ڕەتدەكەنەوە دەشڵێن، گەر سەلمێندرا هەر سەربازێكی هێزەكانی پشتیوانی خێرا بەشدارە لە كوشتی هاوڵاتی مەدەنی ئەوا دەیدەنە دادگا.

باس لەوەش کراوە، ڕێكخراوی مافی مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ئەو پێشێلكارییانەی سوودان دەكات، كە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ئەنجامدراون، هەروەها  هەوڵ دەدەن لیژنەیەكی سێ لایەنی پێكبهێنن، بۆ لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانە و دۆزینەوەی ڕاستییەكان.

هـ.ئ

Comments are closed.