ناوەندی هەواڵەكان
بەپێی كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆى پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوە و دەنگدان بۆ نۆ پڕۆژە یاسا دەكرێت، لەوانە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆى ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوە و دەنگدان بۆ نۆ پڕۆژە یاسا دەكات، لەوانە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت، هەروەها دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای ڕێككەوتنی نێوان عێراق و قەتەر سەبارەت بە هێڵی ئاسمانی دەدرێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای پێدانی مافی مانەوە (ئیقامە) بە هاوڵاتییانی بیانی دەكرێت.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت.
جێگەی ئاماژەیە، لە سێ كۆبوونەوەی پێشووتری پەرلەماندا بەهۆی بەربەستی هەندێك لایەنی سوننە و شیعە نەتوانرا دەنگ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.
هـ.ئ
Comments are closed.