شنگال
فریال خدر ئیبراهیم، ئەو ژنە ئێزدییەیە، کە بە هەوڵی هێزەکانی یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا، دوێنێ لە مەراسیمێکدا لەلایەن یەژەشە و تاژێ-وە لە شنگال پێشوازی لێکرا و ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە.
ڕۆژی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شنگال بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و هەڵهاتنی چەکدارانی پەدەکە، کۆمەڵگەی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ژن و منداڵ ڕفێندران، بەپێی زانیاریەکان هەتا ئێستاش نزیکی دوو هەزار ژن و منداڵ لە دەستی چەتەکانی داعشدان.
ئاشکراشە بە هەوڵی هێزەکانی قەسەدە تا ئێستا زیاتر لە ٤٣٠ ژن و منداڵی ئێزیدییان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کردووە.
“فریال خدر ئیبراهیم خدر” لە کاتی جینۆسایدی سەر شنگالدا تەمەنی تەنها ١٢ ساڵ بوو، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە دیگور کەوتە دەستی چەتەکانی داعش و بۆ ماوەی نۆ ساڵ بە دیل گیرا بوو.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، ڕایانگەیاند، ڕۆژی ڕۆژی ١٩ـی ئەیلوول فریال خدر-یان لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کردووە و دەیگەڕێننەوە بۆ نێو خێزانەکەی.
پاش تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکان، دوێنێ فریال بە جلوبەرگی کەلتووری ئێزدایەتییەوە، لە ناوەندی هێزەکانی قەسەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕادەستی فەرماندەکانی یەژەشە و یەبەشە کرا، هەر لەوکاتەدا گواسترایەوە بۆ ئەو زێدی لەدایکبوونی.
لە شنگالیشەوە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی و یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە، پەیوەندییان بە بنەماڵە و کەسوکاری فریالەوە کردبوو و لە مەراسیمێکدا ڕادەستیی خێزانەکەیان کردەوە.
لە مەراسیمەکەدا برا و خزمەکانی فریال ئامادەبوون، لەسەر ناوی بنەماڵەکە زێدان خەلاف میچۆ وتی: زۆر دڵخۆشین، کە ئەمڕۆ کچەکەمان گەڕاوەتەوە لامان و لە دەستی ئەو چەتە دڕندانە ڕزگار کراوە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە، بە تایبەتی یەبەشە دەکەین، کە بەشداربوون لە ڕزگارکردنی.
ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە فریاڵ چوار کەسی دیکە لە خێزانەکەی، کە دایکی و دوو خوشک و برایەکی-ن لە ٢٠١٤دا کەوتنە دەستی چەتەکانی دعش، بەداخەوە هەر دوو خوشکەکەی کوژران.
زێدان خەلەف وتیشی: زۆر باش دەزانین ئێمەی ئێزدی بۆ هەر شوێنێک بچین، هەر دەگەڕێینەوە سەر ماڵ و خاکی خۆمان، جگە لە شنگال هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بۆ ئێمە جێگەی ژیان نییە، جەختی کردەوە چیتر شنگال شنگالی پێشوو نییە، بەڵکوو زۆر لە پێشوو باشترە.
خەلەف، دووبارە سوپاسی یەپەژەی کرد بۆ ئەو هەوڵەی لەپێناو ڕزگارکردنی فریال داویانە و پاش نۆ ساڵ لە دیلێتی ئازادیان کردووە و بە سەلامەتی گەڕاندوویانەتەوە ناو خێزانەکەی.
پاشان فریال لەبارەی هەستەکانی و گەڕانەوەی بۆ شنگال قسەی کرد وتی: زۆر دڵخۆشم، کە گەڕامەوە بۆ شوێن و خاکی خۆم و خێزانەکەمم بینی، باوەڕم نەدەکرد ڕۆژێک دێت و دەیانبینمەوە و بە سەلامەتی دەگەڕێمەوە ناو خێزانەکەم، زۆر سوپاسی هێزەکانی ئێزدخان دەکەم، کە بوون بە هۆکارێک جارێکیتر خێزانەکەم لە باوەش بگرم.
لە کۆتایی قسەکانیدا فریال هیوای خواست هەموو ئەو ژن و کچانەی لە دەستی چەتەکاندان ڕزگار بکرێن و وەک ئەو، ئەو هەستی دڵخۆشی و گەڕانەوەیە بۆ نێو خێزان و بنەماڵەکانیان ئەزموون بکەن.
دواتر نەعیم بەدیل لەسەر ناوی تاژێ قسەی کرد و وتی: بە ناوی تاژێ-وە بەخێرهاتنەوەی کچەکەمان دەکەین و زۆر دڵخۆشین، کە بە سەلامەتی گەیشتەوە ناو کۆمەڵگە و خێزانەکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێد و خواستیان هەیە ڕۆژێک بێت هەموو ژن و کچانی ئێزدیی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار بکرێن و تی: وەک کۆمەڵگەی ئێزدی ئەمڕۆ دوو جەژنمان بەڕێوە برد، یەکێکیان ئاهەنگی شیبێل قاسم و ئەوەی تریان گەڕانەوە و سەلامەتی فریال-ە.
وتیشی: دووبارە سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لە هەوڵی ڕزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی ڕۆڵیان هەیە، ئێمە وەکو تاژێ هەمیشە لە خەبات و بەرخۆداندا دەبین بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی ئازاد بۆ ژنان.
پاش مەراسیمی پێشوازیکردن و بەخێرهاتنەوەکە، فریال چووە ماڵەکەی خۆی لە دیگورێ.
ب. ق
Comments are closed.