لە سلێمانى چالاکییەکى ژینگەیی لەلایەن گرووپێک گەنجى خۆبەخشەوە ئەنجامدرا

سلێمانى

ئەمڕۆ گرووپی هاوڕێیانی ژینگە لە سلێمانى چالاکییەکی ژینگەییان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییە ژینگەییە خۆبەخشەکانیان پێویستیان بە دابینکردنی کەلوپەلەکانی پاککردنەوە هەیە و داواکارن لایەنی پەیوەندیدار بە دەم داواکانیانەوە بچێت.

بەیانی ئەمڕۆ، گرووپی هاوڕێیانی ژینگە، کە گرووپێکی خۆبەخشە و لەلایەن کۆمەڵە گەنجێکەوە بەڕێوە دەبرێت و ڕۆژانى شەممە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکی ژینگەیی لە پێناو پاراستنی سرووشت و ژینگەی کوردستاندا ئەمەش لە پێناو خزمەتکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و ڕێزگرتن لە ژینگەپارێزان.

لەوبارەوە، ماردین محەمەد، سەرپەرشتیاری گرووپی هاوڕێیانی ژینگە بۆ ڕۆژنیوز وتى، گرووپەکەیان ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشەوە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی چالاکی ژینگەیی بە شێوەی هەرەوەزیی.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی تەواوی ئەندامان و بەشداربووانی گرووپەکە خۆبەخشن و تاکوو ئێستا هیچ لایەنێکی بەرپرس نەیتوانیوە هاوکاری و پاڵپشتیان پێشکەش بکات، سەرەڕای ئەوەش ڕووبەڕووی بەربەست و ئاڵنگاری زۆریش دەبنەوە.

باسى لەوەش کرد، داوای سەرەکی گرووپەکەمان دابینکردنی پێداویستییەکانی پاککردنەوە و پاڵپشتی و هاندانی لاوانە لە پێناو هۆشیاری ژینگەیی و ڕێزگرتن لە کارمەندانی ژینگەپارێز، کە لە کۆمەڵگەکاندا ڕێز لە کار و پیشەکەیان ناگیرێت.

ئـ.م

Comments are closed.