لەبارەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە سوودانی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، بەهۆی بوونی چەندین سنووری نافەرمی لە هەرێمی كوردستان و كاری قاچاغچێتی لەو سنوورانە، ڕێكارەكانی بانگهێشتكردنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان تەواو بووە.

هادی سەلامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەڵگەنامەیەكی لەبارەی سنوورە نافەرمییەكانی هەرێمی كوردسان و بانگهێشتكردنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان بڵاو كردەوە.

لە بەڵگەنامەكەدا هاتووە، لە هەرێمی كوردستان حەوت دەروازەى سنووری فەرمی هەیە، لە بەرامبەردا ٢٠ دەروازەی نافەرمی هەیە، كە ئەو دەروازانە سەرەكیترین شوێنی قاچاخی ماددەی هۆشبەر و جگەرەن، بۆیە ڕێكارەكانی بانگهێشتكردنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمان تەواو بووە، لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ دەكەن.

ئاماژە بەوەش كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی جێبەجێنەكردنی بڕیارنامەی ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠١٩ی ئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی فیدراڵ هیچ دەسەڵاتێكی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان نییە.

ئەوەشی خستە ڕوو، لە ساڵی ڕابردوودا لەو دەروازە سنووریە نافەرمیانەى هەرێم ١٢٨ دۆسێیەی قاچاغی ماددەی هۆشبەرمان پێ گەیشتووە، هەروەها شەش هەزار كارتۆن جگەرەی خراپبوو هێنراونەتە نـاو وڵات، دواتر دەستیان بەسەردا گیراوە و لەناو براون.

هـ.ئ

Comments are closed.