هەولێر
بۆن فرۆشێکی شاری هەولێر، کە ماوەی ٢٥ ساڵ ئەزموونی لە کارەکەدا هەیە، دەڵێت: بەهۆی حەز و خولیای زۆری بۆ پیشەکەی وای لێکردووە داهێنانی تێدا بکات و گیراوەی تایبەت بە خۆی درووست بکات.
پیشەسازیی بۆن مێژوویەکی دێرینی هەیە و مرۆڤ هەر لە کۆنەوە هەوڵیداوە بە بەکارهێنانی بۆن پێناسەی کەسایەتی بکات و گرنگی بە خۆی بدات.
لە سەردەمانی کۆندا مرۆڤ لە سرووشتەوە، وەک گوڵ و گەڵا و گژوگیاکانەوە بۆنە جیاوازەکانی ناسیوە، دواتر لە ڕێگەی گوشینی گوڵ و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاودا یاخود سووتاندنی گوڵ و گژوگیا سرووشتیەکان، لە بۆنە ئایینیەکاندا بۆنیان بەکارهێناوە.
لە شارستانیەتی کۆندا مێژووی درووستبوونی یەکەم بۆن دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ و یەکەم جار لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا بۆن لەسەر شێوازی بوخور بەرهەمهاتووە و بەکارهێنراوە.
لەلای هۆزە عەرەبییەکانیش پێشبینی دەکرێت، کە کۆنتریین جۆری بۆن گوڵاو بووبێت و لە گوڵی یاسەمین و وەنەوشە و گوڵی لیمۆ درووست کرابێت.
لەمڕۆشدا، بۆن بووەتە پیشەسازییەکی گەورە و دانەبڕاو لە ژیانی مرۆڤەکان، بۆنفرۆشێکی شاری هەولێریش کە ماوەی ٢٥ ساڵە لە بوارەکەدا کار دەکات، دەڵێت: خۆشەویستی و خولیای بۆ کارەکەی وایکردووە بیر لە داهێنان بکاتەوە و گیراوە و چەندین بۆنی تایبەت بە خۆی درووست بکات.

نەوزاد عومەر محەممەد، دەربارەی سەرەتای دەستکردنی بە پیشەی درووستکردنی بۆن و کارکردن لەو بوارەدا وتی: سەرەتا لەگەڵ باوکمدا لە دوکانی ئاسنگەرییدا کارم دەکرد، بەڵام من هەر لە منداڵییەوە حەزم بۆ بۆن هەبووە و بەردەوام بەکارم هێناوە وای لێکردم واز لە کارکردن لەگەڵ باوکم بهێنم، بۆ خۆم دوکانێکی بۆن فرۆشتن دابمەزرێنم.
ئێستا دوای ٢٥ ساڵ لە پەیداکردنی ئەزموون و بەردەوامیی و تاقیکردنەوە، نەوزاد عومەر توانیوویەتی گیراوەی تایبەت بە خۆی درووست بکات و جیاوازی خۆی لە پیشەکەدا نیشان بدات.
بۆنە تایبەتەکانی، کە وەک خۆی ناوی بردن “ڤی ئای پی، شنەی دەریا و وەنەوشە”، کڕیارێکی زۆری هەیە و ڕۆژانە لێیان دەفرۆشێت و دەڵێت: “عاشقانی بۆن لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانەوە سەردانم دەکەن، تەنانەت کڕیارم ھەیە لە بەریتانیایە دەگەڕێتەوە کوردستان لەلای من بۆنەکە لەگەڵ خۆی دەباتەوە.”
ئەو بۆن فرۆشە بە ئەزموونە، لەبارەی باشی و مانەوەی بۆنەکان وتی: مەرجی سەرەکی بۆن بریتیە لە شێوازی گرتنەوە و کوالێتیەکەی دەبێت بە شارەزای بگیرێتەوە بۆنەکە تا کڕیار ڕابکێشێت.
ئاماژەی بە شێوازی گرتنەوەی بۆنەکان کرد و وتی، لەگەڵ بۆن ماددەی کهحول بەکاردەھێنێت لەکاتی گرتنەوەکە دەبێت سێ بەشی شوشەکە بۆن بێت بەشێکی کحھول بێت، تا بۆنەکە لە کحھولەکە زیاتربێت نرخەکەی گرانتر دەبێت.
باسی لەوە کرد بۆ ئەوەی بۆن زیاتر کاریگەربێت و بمێنێتەوە، جگە لە جۆر و پێکهاتەکەی، کە دەبێت بۆ وەرز و ڕەگەز و تەمەنەکە گوونجاو بێت، پێویستە بدرێت لە گەردن و مل و مەچەک و پشتی گوێ، چوونکە ئەو جێیانە بەردەوام جووڵەی خوێنیان تێدایە و لە ڕووی پێستەکەشەوە نزیکە وا دەکات بۆنەکە زیاتر چالاک بێت و بمێنێتەوە.
وتیشی بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە مانەوەی بۆنەکان بکەین و ڕێگری لە زوو بەهەڵمبوونی بکەین، وا باشترە لە جێیەکی گونجادا هەڵبگیرێت، کە نە زۆر سارد نە گەرم بێت، بیپارێزین لە ڕووناکی ڕاستەوخۆ و بەهێز و جێهێشتنی بەسەر بەتاڵیی.
ش. ئـ
Comments are closed.