خەڵاتی “دادپەروەریی بۆ ژنان” بەخشرایە ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی کوشتنی ژینا-یان بڵاو کردەوە

ناوەندی هەواڵەکان

دامەزراوەی کلۆنی لە دووەم مەراسیمی ساڵانەی خۆیدا، کە لە کتێبخانەی گشتیی نیویۆرک بەڕێوە چوو، ڕێز لە بەرگریکارانی دادپەروەریی نرا و خەڵاتی “دادپەروەریی بۆ ژنان” بەخشرایە هەر یەکە لە نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەممەدی، ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی کوشتنی ژینا ئەمینی-یان بڵاو کردەوە.

لە دووەم مەراسیمی ساڵانەی دامەزراوەی کلۆنی بۆ بەرگرییکردن لە دادپەروەریی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی، کە شەوی پێنجشەممە لە کتێبخانەی گشتیی نیویۆرک بەڕێوە چوو، خەڵاتی “دادپەروەریی بۆ ژنان” لەپای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینی و داکۆکیکردنیان لە ئازادیی، بەخشرایە ڕۆژنامەنووسان نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەممەدی، کە ئێستا لە زینداندان.

لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکەشدا ئاماژە بەوە کرا، سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەوانی لەلایەن ئێرانەوە، ژنانی ڕۆژنامەنووس سەرەتا بەهۆی پیشەکەیان پاشان ڕەگەزەکەیانەوە بە ئامانج دەگیرێن، پاش سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەسەڵاتی ئێران پێنج ئەوەندەی ڕۆژنامەنووسانی پیاو ژنانی دەستبەسەر کردووە.

تیشک خرایە سەر ئەو پێشلکارییانەی پاش دەستگیرکردنیشیان بەرامبەریان دەکرێت، کە لە زیندانەکاندا ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ڕووبەڕووی لێدان و دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە، لە تاریکیدا دادگایی و گۆشەگیر دەکرێن.

ش. ئـ

Comments are closed.