جەمیل بایک: تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان لە ئەستۆی هەموو گەنجاندایە

ناوەندى هەواڵەکان

هاوسەرۆکى کەجەکە ڕایگەیاند، تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی و پاراستنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەستۆی هەموو گەنجانی ئازادیخوازی جیهانە، دەشڵێت، تا ئێستا هاوڕێ ئەنتەرناسیۆلیستەکانمان هەم بۆ خاوەندارێتی کردن لە ڕێبەر ئۆجالان و هەمیش بۆ پێشخستن بە مەبەستى پەرەپێدان و پاراستنی شۆڕشی کوردستان بە تایبەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕەنجێکی زۆریان داوە.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، سەبارەت بە پیلانگێری نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ ماڵپەڕێ کۆمەڵەکانی گەنجان بەمجۆرە دواوە.

لە سەرەتاى قسەکانیدا وتویەتى، تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕییە مێژووییەکان دەتوانرێت بە پەرەدان بە هێزی واتایی بەدەست بهێنرێت، تەنیا لەم ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت ئامانجی هێزەکانی پیلانگێڕیی، کە بۆچی دەکرێت تێبگات و پووچەڵی بکاتەوە، ڕێبەر ئۆجالان ٢٥ ساڵی زیندانیکردنی لە ئیمراڵی بەم شێوەیە بەسەربرد، بۆ تێگەشتن لە پیلانگێڕیی بیرکردنەوەکانی خۆی قوڵتر کردەوە و ئامانجی پیلانگێڕی پوچەڵ کردەوە، ئەگەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر ٢٥ ساڵ زیندانیکردندا بە چەند ڕستەیەک باس بکرێت، ئەوا دەکرێت “بە مانای قووڵبوونەوە و گەیاندنی هێزێکی واتاداری گەورە” وەسف بکرێت.

باسى لەوەش کردووە، کاتێک سەیری ئەو هەنگاوانە دەکەین، کە ڕێبەر ئاپۆی وەکو کەسایەتی تێدایە، دەبینرێت کە گەورەترین پێشکەوتن لە ماوەی زیندانیکردنی ئیمراڵیدا بەدی هاتووە، هۆکاری ئەمەش نزیکایەتی ڕێبەر ئۆجالانە بۆ تێگەشتن و پوچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، ئەم ڕێبازە بوو بە هۆکارێک کە ڕێبەر ئۆجالان ماناکەی قوڵتر بکاتەوە، خۆی بگەیەنیتێە هێزیکی گەورەی دەروونی و لە کۆتاییدا مانیفێستۆی ئازادی کە ئازادی خەڵک (کۆمەڵگا) ئەمڕۆ لە کۆیلایەتی (کۆیلایەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری) دەستەبەر بکات، لە ڕاستیدا لە تێگەیشتن و پێشخستنی هێزی واتایی تایبەتمەندی سەرەکی ڕێبەر ئۆجالانە، ڕێبەر ئۆجالانیش لە هەڵومەرجی زیندانیبوونی لە ئیمراڵیدا ئەم ڕێبازەی بە بنەما گرت.

پیلانگێڕیی لە دژی رێبەر ئاپۆ سیاسی و بیردۆزییە

هەموو پیلانگێڕییە مێژووییەکان سیاسین و لە ئەنجامدان بیردۆزین. پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەکان بەردەوام بە ئامانجی سیاسی و بیردۆزی ئەنجامدراون. هۆکارێک کە پیلانگێڕیی بەم جۆرە بە مێژوویی ناودێر دەکرێن، بە هۆی ئەو تایبەتمەندییەیە. پیلانگێڕی لە دژی رێبەر ئاپۆ بە ئامانجی سیاسی و بیردۆزی بوو. تێگەیشتن لە پیلانگێڕی لە راستیدا بە تێگەیشتنی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی پشت پیلانگێڕییەکە دەستەبەر دەبێت. ئەوەش پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆرە. لەبەر ئەوەی لە پیلانگێڕییەکاندا ئامانجەکە بە روونی ناخرێتەڕوو. ئامانج و مەبەستەکان دەشاردرێنەوە و پەردەپۆش دەکرێن. هەڵبەت هۆکاری سەرەکی ئەوەش گومانی هێزە پیلانگێڕەکانە لە کاردانەوەی کۆمەڵگا. کاتێک راستییەکان بە روونی دەبینرێن، بە هۆی ترس لە ناڕەزایەتی کۆمەڵگا پەنا بۆ بەڕێوەبردنی پیلانگێڕی دەبڕێت.  خۆی لە خۆیدا هێزە پیلانگێڕەکان ئەو شتانەی دەیانەوێت و ناتوانن لە رێگەی پاساوەوە رەواەیتی پێبدەن و رووبەڕووی ناڕەزایەتی کۆمەڵگا دەبنەوە لە رێگەی پیلانگێڕییەوە ئەنجامی دەدەن. ئەوانە تایبەتمەندی گرنگن کە لۆژیک و ئامانجی پیلانگێڕان دەخەنەڕوو و بۆ تێگەیشتن لە پیلانگێڕییەکان دەبێت بزانرێن. هەموو ئەوانش رێگری لەوە دەکەن کە تێگەیشتن لەبارەی پیلانگێرییەکانەوە بێتەئاراوە. هەربۆیە تێگەیشتن لە پیلانگێڕییەکان پێویستی بە هەوڵدانی گەورە هەیە. بە هەوڵدانێکی لەو جۆرە دەبێت ئەو پەردانە لابدرێن کە راستییەکان دەشارنەوە. ئەوەش دەتوانرێت بە بەرەوپێشبردنی هێزی واتا زیاتر لە هێزی جەستەیی دەستەبەر بێت. کاتێک تایبەتمەندی، لۆژیک، ئامانج و پێودانگی بیردۆزی- سیاسیی پیلانگێرییە مێژوویەکان دێتە ئاراوە، بەستراوەیی بوونیشیان بە کۆمەڵگاوە دەخرێتەڕوو. لەبەر ئەوەی مێژوو، ژیان، بیردۆزی و سیاسەت بە کۆمەڵگاوە بەستراوەتەوە. هیچ بەرەوپێشچوونێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا دابڕاو نییە. بیردۆزی و سیاسەتیش بە واتای خودی کۆمەڵگایە. هەموو شتێکی کۆمەڵگا بیردۆزی و سیاسیە. یاخود پێچەوانەکەی هەموو شتێکی بیردۆزی و سیاسی کۆمەڵایەتیە.

لەم رووەوە پیلانگێڕییە مێژووییەکان بە کۆمەڵگاوە بەستراونەتەوە. کاتێک لە پیلانگێڕییە مێژووییەکان دەڕوانین، دەبینین کە پیلانگێڕییەکان لە دژی کۆمەڵگان. ئەو دۆخە بە تایبەتی راستی پیلانگێڕی و زۆر راستی دیکە دەخاتەڕوو. لە پیلانگێڕییە مێژوویەکاندا لە لایەکەوە هێزەکانی شارستانیەت و لەلایەکیشەوە کۆمەڵگا هەیە. ئەوەی پیلانگێڕی دێنێتە ئاراوە هێزەکانی شارستانیەتن و ئەوەی پیلانگێڕی بەرامبەر دەکرێت کۆمەڵگایە. بێگومان ئەوە لە هەموو پیلانگێڕییەکاندا هەیە. نمونەی ئەوە لە مێژوودا زۆرن. پیلانگێڕییەکانی دژ بە حەزرەتی عیسا و حەزرەتی عەلی دۆخێکی بەو جۆرەن. حەزرەتی عیسا لەلایەن ئەو کەسانەی هاوکاری شارستانیەتی رۆمایان دەکرد و حەزرەتی عەلی لەلایەن ئەو کەسانەی کە دەیانویست پاشایەتی ساز بکەن رووبەڕووی پیلانگێڕیی بوونەوە. ئامانجی ئەو پیلانگێڕییانە کۆمەڵگا بوو. زۆر نمونەی لەو چەشنە دەتوانرێت بهێنرێتەوە. لەمێژوودا ئەوەی پیاو بەسەر ژنیدا هێناوە پیلانگێرییە. بە هێرش بۆ سەر ژن و لە کەسیەتی ژندا، کۆمەڵگا کرایە ئامانج. ئەوانەی پیلانگێڕییان لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، دەسەڵاتداری سەردەمی مۆدێرنبوو. ئەو هێزانە ئەمریکا، ئیسرائیل و ناتۆ بوون کە پیلانگێڕییان بەڕێوەبرد. جگە لەو هێزانە کە راستەوخۆ یا خود ناڕاستەوخۆ بەشدارییان لە پیلانگێڕی بوون و پشتیوانیان لە پیلانگێڕییەکەش کرد. تایبەتمەندی هاوبەشی سەرجەم ئەو هێزانە بریتیە لەوە کە هێزی باڵادەست و درێژکراوەیە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارین.

گرنگترین جیاوازی پیلانگێڕی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و پیلانگێڕییە مێژووییەکانی دیکە ئەوەیە، کە هێزێکی زۆر لەو پیلانگێڕیەدا بەشدار بوون. ئەوەش ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی بەو پیلانگێڕییە بەخشی. بێگومان هۆکارگەلێک هەیە، کە پیلانگێڕییەکە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی پێکھات. ئەوانەش بە گەشەیی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەوە بەستراونەتەوە. ئەو چونیەتییەیی پیلانگێڕییەکە گرنگە و پێویستی بە لێتێگەیشتنێکی قووڵ هەیە. لەوەوە دەتوانین لە مامەڵە و هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بەرامبەر بە پیلانگێڕییەکە تێبگەین. تا ئەو کاتەی کە ئەوە نەزانرێت، پڕاوپڕ و بە دروستی ناتوانرێت مامەڵەی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر پیلانگێڕی و هەڵوێستی لە ئیمراڵی تێگەیشتنی لەسەر ساز بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، تێگەیشتن لە پیلانگێڕییەکە ڕەنگە لە تێکۆشان لە دژی واتادار بێت. تا ئەوە ڕوونەدات، تێگەیشتن لە پیلانگێڕیەکە دروست نابێت. ئەوەش بەتەواوی گوزارشت لە مامەڵە و ھەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ دەکات. بنەمای ھەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕی و تێکشکاندنی ئەو ئامانجانەیە کە لە پیلانگێڕییەکەدا دیاریی کراون. ئامانج لە قووڵکردنەوەی واتا لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بە تەواوەتی بۆ ئەوە بوو. جگە لەمەش هیچ ھەڵوێستێکی دیکە نابێت و ئەگەر هەشبوایە، واتای نەدەبوو. ھەربۆیە ئەگەر هەوڵی تێگەیشتن لە پیلانگێڕییەکە بدەین، دەبێت خۆمان لەسەر شێوازی ڕێبەر ئاپۆ بە بنەما بگرین.

وەک دەزانرێت دوای جەنگی جیهانی دووەم هاوسەنگییەک لە جیهاندا دامەزرا و لە ناوەندیدا ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت هەبوون. لەو قۆناغەدا، هەرچەندە بە شەڕی سارد پێناسە کرا، شەڕێک لەسەر بنەمای بەرتەسککردنەوەی گۆڕەپانی کاریگەریدانانی یەکتر لەئارادا ھەبوو، بەڵام بنەمای سەرەکی دۆخی هاوسەنگی بوو.  دروستکردنی هاوسەنگییەکی لەو شێوەیە لە جیهاندا، دەتوانین وەک  دەرئەنجامی شکستی یەکێتی سۆڤیەت بۆ بەرەوپێشبردنی مۆدێلێک کە سیستەمی سەرمایەداریی مۆدێرنیتە تێپەڕێنێت باسی لێبکرێت. هەرچەندە بە ناوی گەل و توێژە چەوساوەکانەوە شۆڕش ڕوویدا، بەهۆی ئەقڵیەت و پارادایگمایی کە ئەو سیستەمی بندەستیە تێپەڕێت، نەیتوانی بەرەوپێش بچێت، بۆیە سیستەمەکە لە هاوسەنگیدا مایەوە. ئەوەش بە گشتی بووەتە جۆرێک لە سیاسەت. بێ گومان ئەوەش لە دژی گەل و چینی بندەست و هەموو کۆمەڵگا ئەنجامدراوە. لە ڕاستیدا سەرباری ئەوەی هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکیش لە ئارادا نەبوو، شۆڕش وردە وردە لە جەوهەرەکەی دوورکەوتەوە و دواجاریش لەیەک هەڵوەشایەوە. لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتدا، ئەو دۆخی هاوسەنگییە کۆتایی پێھات و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد.

ئەو قۆناغەش جەنگی جیهانی سێیەمە کە ئەمڕۆ قووڵتر دەبێتەوە. لە سەرەتای ئەو قۆناغەدا ئەمریکا وەک ھێزی هەژموونی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بە پلانی سیستەمی نوێی جیھانی مامەڵە و ھەڵسوکەوتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی جیهانی هێنایە کایەوە. ئامانجی پلانی سیستمی نوێی جیھانی ئەوەیە کە سەرلەنوێ سیستەمی جیهانی بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی سەرمایەی جیهانی و لە سەرووی ھەموشیانەوە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بپارێزێت و خزمەتی پێبکات بونیاد بنێت. لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک یەکەم شوێنی دەستێوەردان دیاری کرا. بێ گومان هۆکاری لەبار هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک یەکەم ناوچەی دەستێوەردان. بەڵام لە مێژووەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەبوون کە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دیاری دەکرد. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لە مێژوودا چەق و ناوەندێک بووە. ھەربۆیە سیستەمێکی جیهانی بەبێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەیاڵ ناکرێت و ناخوڵقێندرێت. هەم بارودۆخی جوگرافی و هەمیش تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییەکان لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێدەگرن. ئەمانە تایبەتمەندی گرنگن، کە پێویستە ئاماژەیان پێبدرێت و بزانرێت.

بەهەموو ئەو هەنگاوانەی رێبەر ئاپۆ هەڵیگرتوون سۆسیالیزم بەرەوپێش دەچێت

لە کۆتایی سەدەی ٢٠دا کاتێک ریال سۆسیالیزم رووخا و ئەمریکا لەسەر ناوی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەوڵیدا سەرلەنوێ جیهان بگۆڕێت، تێکۆشان بە پێشەنگایەتی پەکەکە لە قۆناغێکی خێرادا بەرەوپێشچوو. ئەو قۆناغە لە رێگەی شۆڕشی ژیانەوەی کوردستاندا بناغەی داکوتا و بە هەمیشەیی بوو. بەم جۆرە هێڵی رێبەر ئاپۆ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری دانا. بەرەوپێشچوونی شۆڕشی کوردستان کە رێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکات، بووەتە بەرەوپێشچوونێک کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئەنجامی گرنگی بەدەستهێناوە. کاتێک کە ئەقڵیەتی ئاسایی سۆسیالیزم لە جیهان لەبەریەک هەڵدەوەشانەوە و لە ناو سیستمدا وندەبوون، سۆسیالیزم لە ئەنجامی هەنگاوەکانی رێبەر ئاپۆدا بەرەوپێشچوو. سۆسیالیزم لەگەڵ هەر هەنگاوێکی رێبەر ئاپۆ بەرەوپێشچوو. بێگومان ئەو دۆخە ئەنجامی مامەڵەی جیاوازی رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر سۆسیالیزمی ئەو سەردەمە بوو. ئەگەر بەو جۆرە نەبوایە، کاتێک کە سۆسیالیزم لە هەموو جیهان بەرەو لەناوچوون دەچوو، لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا ئەستەم بوو کە بەرەوپێشچوون ببینرایە. ئەو گەشەسەندنانەی کە رێبەر ئاپۆ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئافراندنی، نەیهێشت کە سیستمی سەرمایەداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دابڕێژێت. لەبەر ئەوەی هێڵی رێبەر ئاپۆ ئازادی مافەکان و بەرەوپێشبردنی سیستمی ژیانی دیموکراتیکی لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینی و مسۆگەر کرد. شتێک کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری نەیدەویست ئەوە بوو. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەپێچەوانەوە دەیویست و پلانی هەبوو کە گەل زیاتر بچەوسێندرێتەوە و کۆمەڵگا بکەوێتە ناو چەرخی داگیرکەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. کاتێک کە رێبەر ئاپۆ لەبەردەم ئەوەدا بووە لەمپەر، لەلایەن سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە کرایە ئامانج. لەبەر ئەوە کردنەئامانجی رێبەر ئاپۆ و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دوای ئەوە، بەشێکن لە دەستوەردانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی سیستمی نوێی جیهانی. بناغەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ئەو مامەڵەکردنەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە و ئامانجەکانی لەناو ئەو نزیکایەتیەدایە. لەبەر ئەوەش زۆر هێز بەشدارییان لە پیلانگێڕیی لە دژی رێبەر ئاپۆدا کرد. لێرەدا راستی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ئارادایە. دەوڵەتی تورک لەو پلانەدا تەنیا وەک داشێکی دامەیە و رۆڵی لاوەکی هەیە. بێگومان لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک خاوەن ئەندێشەی دژە کوردە، ویستی رێبەر ئاپۆی رادەست بکەنەوە. بەڵام پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی نەک لەسەر داوای دەوڵەتی تورک، بەڵکوو بەهۆی بەرژەوەندییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە روویدا. رێبەر ئاپۆ پێشتریش رایگەیاندبوو کە رۆڵی دەوڵەتی تورک لە پیلانگێڕییەکەدا وەک جەردەوانیە. دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە و جینۆسایدی گەلی کورد هەموو جۆرە سیاسەتێک بەڕێوەدەبات. مامەڵە و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی پێشووی تورک و ئێستاشیان لەم چوارچێوەدایە.

هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەپێناو بێکاریگەرکردنی رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان ئەنجامدا

دەرکەوتنی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە، پێشبینی نەدەکرا یاخود لە لێکدانەوەی ئەواندا نەبوو. هەموو شتێک لەپێناو دیزانکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ بەرژەوەندی سەرمایەی گەردوونی داڕێژرابوو. هەموو گەشەسەندنەکانی وەک بزوتنەوەی فەلەستین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تووشی سەرئێشە و کێشە بکات، پێشتر بێکاریگەرکرابوون و خرابوونە ژێر کۆنتڕۆڵەوە. سۆڤیەت کەلەبەر یەک هەڵوەشایەوە ئیتر دەخوازرا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین بکرێتەوە. تیۆریسیانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری رایانگەیاند، کە رەوتی مێژوو بە تەواوەتی لە لەپی دەستی باڵادەست و فەرمانڕەواکاندا دەبێت. بەڵام دەرکەوتنی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە، لە لێکدانەوەیاندا نەبوو. خۆی لە خۆیدا پێشتر ئەمریکا، ئیسرائیل و ناتۆ لە دژی رێبەر ئاپۆ وپەکەکە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیان کردبوو. بەڵام سەرباری ئەوەش نەیانتوانی رێگری لەو پەرەسەندنانە بکەن کە رێبەر ئاپۆ و پەکەکە ببونە هۆکاریان. لەرێگەی ئەو گەشەسەندنانەوە پێشبینییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە ئاودادران و لەبارچوون. لەکۆتاییدا هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ بێکاریگەرکردنی رێبەر ئاپۆ پیلانگێریی نێونەتەوەییان ئەنجامدا. پیلانگێڕییەکە بە پێشەنگایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەپشتگیری ناتۆ ئەنجامدرا. زۆر دەوڵەتی ئەوروپیش تیایدا بەشداربوون. هەندێک هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزە کوردییە هاوکار و داردەستەکانیش لەناو پیلانگێڕییەکەدابوون. قۆناغی بەدیلگیرانی ئیمرآڵی بەم جۆرە دەستیپێکرد. ئەو سیستمەی لە ئیمراڵی سازکراوە بەشێکە لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی. پلاندانراوە کە لە رێگەی سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری درێژە بە پیلانگێڕی بدرێت بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام. بەم جۆرە سڕینەوەی رێبەر ئاپۆ، نەهێشتنی پەکەکە و جینۆسایدی کوردان و دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر بنەمای مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک ئامانج دیاریکران. ئامانج لە دامەزراندنی سیستمی ئیمراڵی ئەوەبوو. ئەمڕۆ ئەو سیستمە وەک گۆشەگیر توندکراو بەردەوامە. ٢٥ ساڵە رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەو سیستمەی ئیمراڵی خۆڕاگری دەکات. بەڵام دەبێت مرۆڤ ئەوە وەک بەرخودان لە دژی هەلومەرجەکان تێی نەگات. بەرخودانی رێبەر ئاپۆ بە ئامانجی خستنەڕووی ئامانجەکانی پیلانگێڕیی و لەپێناو پوچەڵکردنەوەی پیلانگێڕییەکەدایە. بەوبۆنەوە دەبێت مرۆڤ بەرخودان و هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی وەک هەڵوێستێکی مێژوویی لە دژی پیلانگێڕیی ببینێت ولێی تێبگات.

ب.ق

Comments are closed.