ڕژاک دژی بێ سەروشوێنکردنی “جوانا سنە” داوای توندکردنەوەی فشارەکان دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

دژی بێ سەروشوێنکردنی “وریشە مورادی” ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژاک لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و داوای درووستکردنی فشار دەکات.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، بە ناسناوی ڕێکخستنی “جوانا سنە”، لە ڕۆژی ١ـی ئابی ئەمساڵ کە بۆ ئەنجامدانی چالاکی سیاسیی و ڕێکخستنیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە لە نزیک شاری سنە ڕفێنراوە و لەو کاتەوە بێ سەروشوێنە.

پاش دەستگیرکردنی، هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی و دەستنیشانکردنی ئەو جێگەیەی بۆی براوە بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە هیچ زانیارییەکی لەبارەوە بزانرێت، بۆیە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا ئیدانەی توندی بێ سەروشوێنکردنی جوانا سنە دەکات و داوا دەکات فشارەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی زیاتر بکرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بانگ لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی ژنانی ئازادیخواز لە کوردستان و جیهان دەکەین فشار بخەنە سەر ئێران تا چارەنووسی وریشە مورادی دیار بکات و ژیانی پارێزراو بێت”.

ڕژاک لە بەیاننامەکەیدا شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” بە بیر دەهێنێتەوە، کە وریشە مورادی بە پەیام و هەڵسەنگاندنەکانی بووەتە پێشەنگ و تیایدا هاتووە، “وەک دەزانین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەنگی خۆی گەیاندە هەموو جیهان، کە شۆڕشێکی کۆمەڵگەی ئێرانە و هەموو توێژ، نەتەوە، باوەڕیی و ئاینزاکانی گرتەوە و بووە شۆڕشێک بۆ بەدیهێنانی ئازادیی و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، کە بەرامبەر ژن و کۆمەڵگە دەکرێت، بۆیە ئێران لە ترسی لەرزینی دەسەڵاتەکەی، بە هەموو شێوەیەک سەرکوتی ناڕەزایەتی گەنجان و خەباتی ژنان دەکات و بە زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە هەوڵی بێدەنگکردنی شۆڕش دەدات، بێ سەروشوێن کردنی “وریشە مورادی” لە هەمان چوارچێوە و بۆ کپکردنی تێکۆشانی ژنانە”.

ش. ئـ

Comments are closed.