ناوەندی هەواڵەکان
بڕیار بوو ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام جارێکی دیکە ئەو پرۆسەیە دواخرا، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش هۆکاری دواخستنی پرۆژە یاساکەی ئاشکرا کرد .
ئەمڕۆ چوارەم جارە دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دوادەخرێت، هۆکارەکەشی بەشێک لە لایەنە سونییەکان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ناڕازین و لایەنە شیعیەکان کێشەیان نییە.
لەوبارەیەوە چرۆ حەمە شەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەنەکە بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندوە، بڕگەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، کەلە کارنامەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەبوو، بە هۆکاری ئەوەی سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە رونی دیاری نەکراوە، دواخرا.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان نوسراوی رەسمی لەبارەی دیاریکردنی تەواوی سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکەن و لەپاش وەڵامدانەوەی حکومەتی هەرێمیش، بڕگەکە دەچێتە کارنامەی دانیشتنەکانەوە .
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز تا ئێستا دوو جار خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە کراوە، بەشێک لە پەرلەمانتارە عێراقییەکانیش پرسی بەپارێزگابوونی چەند شارۆچکەیەکی دیکە تێکەڵ بە بابەتەکە دەکەن .
لە نیوەی مانگی ئازاری ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجەی پەسەند کرد و لە ٢ـی مانگی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد.
لە سەرەتای مانگی ئایار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاساکە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرد، بەڵام ئەم دانیشتەی ئەمڕۆش جارێکیتر دواخرایەوە و بەبۆچوونی پەرلەمانتاران ئەم پرسە پەیوەیستە بە ڕێکەوتنی سیاسی پاشان دەنگدانی کۆتایی لەسەر دەدرێت .
پارێزگای ههڵهبجه لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکومەتی هەرێـمی کوردستان بە فەرمی کرا بە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان. بەڵام لەچەندین کابینەی دوابە دوای یەک بەفەرمی نەناسێنراوە و داوا دەکرێت لەڕێگای دەنگدان بە پارێزگابوونی ئەمشارە بەفەرمی بودجەیەکی بۆ دابین بکرێت تا پرۆژە تەواونەکراوەکانی پێتەواو بکرێت .
ر.س
Comments are closed.