لە ڕۆژی جیهانی وەرگێڕاندا کۆڕێکی ئەکادیمی بۆ چەند وەرگێڕێک ڕێکخرا

سلێمانی

ڕۆژی ٣٠ ـی ئەیلول وەک ڕۆژی جیهانی وەرگێڕان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕاگەیەندراوە، زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی زیندووی سەردەم بە پاڵپشتی وەرگێڕانەکان لە توانا دایە لە هەر زمانێکی جیهانیدا وەربگێڕدرێتە سەر زمانی شیرینی کوردی و بەپێچەوانەشەوە، ئەمەش وادەکات وەرگێڕان ئاشنابوونێک و کرانەوەیەک ببەخشێتە کولتوور، زمان و شێوازی ژیانی نەتەوە و کۆمەڵگە جیاوازەکان.

ڤانیا ڕزگار

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە ناوەندی سارا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و بەسەرپەرشتی پڕۆژەی کتێب، کۆڕێکی ئەکادیمی بۆ چەند وەرگێڕێک ڕێکخرا و تێیدا باسیان لە گرنگی و ڕۆڵی وەرگێڕان لە بەرەو پێشبردنی کایەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیی کرا.

لەوبارەیەوە ڤانیا ڕزگار، وەرگێڕ و خوێنەرێکی کوردە و لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی ووت: لەمڕۆدا وەرگێڕان لە ئاستێکی باشدایە و ژنانی کوردیش ڕۆڵێکی باشیان گێڕاوە کتێب و بابەتە جیاوازەکاندا.

ئەو باسی لەوەشکرد، وەرگێڕان لە زمانی دووەمەوە ئاسانترە بکرێتە سەر زمانی یەکەم وەک بە پێچەوانەوە، لەوەش زیاتر وەرگێڕان چ لە دەقە ڕەسەنەکەوە بێت، یاخود لە زمانێکی دیکەوە بێت دەتوانێت ئامانجی خۆی بیپێکێت بەبێ هیچ کێشەیەک.

هەورین حەمە ئەمین

لەلایەکەی دیکەوە هەورین حەمە ئەمین، کچە وەرگێڕێکی دیکەی باشووری کوردستانە و دەڵێت: وەرگێڕان لە توانایدایە سنووری نێوان دەوڵەتەکان بشکێنێت و زمان و کولتوورە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکان بەیەک بگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی کورد لەمڕۆدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە وەرگێڕاندا، چ ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ ئەمەش خۆی لەخۆیدا جێگەی پێزانینە، هەروەها وەرگێڕەکان پێویستە خۆیان نوێ بکەنەوە و هەوڵبدەن زمانزان و زمانەوانیش بن.

ر.س

Comments are closed.