ناوەندی هەواڵەكان
ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادییەكانی ڕۆژنامەگەریی لە چوارەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی مانگی تشرینی یەكەمدا، داوای لە حكومەتی عێراق كرد، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەسەر ڕووداوەكانی خۆپیشاندانی تشرینییەكان ئاشكرا بكات.
ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادییەكانی ڕۆژنامەگەری بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی مانگی تشرینی یەكەم، بەیاننامەیەكی نووسراوی بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە چوارەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی مانگی تشرینی یەكەمدا، سڵاو ڕێز دەنێرین بۆ گیانی نەمری شەهیدان و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
دەشڵێن، هەوڵە گەورەكانی ڕۆژنامەنووسانمان لە بیرە، كە لەژێر جۆرەها هەڕەشە و تۆقاندن و بە ئامانجكردن و هێرشكردنە سەر دامودەزگاكانیان كاریان دەكرد، هەروەها چەند ڕۆژنامەنووسێكیش گیانی خۆیان بەخت كرد لەو پێناوە، وەك ئەحمەد عەبدول سەمەد ڕاگەیاندكار و سەفا غالی فۆتۆگرافەر.
باس لەوەش کراوە، ساڵڕۆژی مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك هیواكانی گۆڕانكاری و ئاوات بۆ چاكسازیی خوازراو زیندوو دەكاتەوە، كە هەوڵی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەكە و دامەزراندنی حكومڕانییەكی باشیان دەدا، بە مەبەستی گەیشتن بە سەروەرییەكی تەواو و دوور لە هەموو دەستوەردان و كاریگەرییە دەرەكییەكان.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەمساڵیش وەك ساڵانی پێشوو لە مانگی تشرینی یەكەم وەك بیرهێنانەوەیەك بۆ گیانی پاكی خۆپێشاندەران لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجام درا، لەم ساڵیادەدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەسەر ڕووداوەكانی خۆپیشاندانی تشریننییەكان ئاشكرا بكات، ئەوانەی تاوانباران بە كوشتنی خۆپیشاندەران بە سزای یاسای خۆیان بگەن.
جێگەی ئاماژەیە، هەموو ساڵێك گروپی تشرینییەكان بۆ یادكردنەوەی شەهیدەكانی خۆپیشانەكانی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، هەروەها داوای بە سزا گەیاندنی بكوژانی خۆپیشاندەران دەكەن.
هـ.ئ
Comments are closed.