ڕەیان كلدانی: پەدەكە دەیەوێت بازرگانی بە خوێنی قوربانیانی ڕووداوەكەی حەمدانییەوە بكات

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی بزووتنەوەی بابیلۆن ڕایگەیاند، هەر بڕیارێك لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری و لیژنەی لێكۆڵینەوە سەبارەت بە ڕووداوەكەی حەمدانییە دەربچێت، پابەندین پێوەی، دەشڵێت، پەدەکە دەیەوێت بازرگانی بە خوێنی قوربانیانییەكانەوە بكات، بۆ ئەوەی دووبارە دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرێت لە کاتێکدا لە ساڵى ٢٠١٤ ئەو حزبە هاوکارى چەتەکانى داعش بووە.

ڕەیان كلدانی سەرۆكی بزووتنەوەی بابیلۆن لەبارەی هەڵوێستی خۆی و بزووتنەوەكەی لە سەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە سەر ڕووداوەكەی حەمدانییە كۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ڕەیان كلدانی لە كۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، لە سەرەتادا سەرەخۆشی لە گەلەكەمان دەكەین، بەهۆی ئەم كارەساتە پڕ لە ئازارە، كە تێیدا ژمارەیەك شەهید و بریندارى لێكەوتەوە، دەمەوێ بۆتانی ڕوون بكەمەوە، كە برایان لە دەزگا ئەمنییەكان و جەنابی وەزیری ناوخۆ چییان وت لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە ڕووداوەكەی حەمدانییەوە ڕێزی لێ دەگرین.

ئاماژەی بەوەش كرد، پەدەکە دەیەوێت بازرگانی بە خوێنی قوربانیانییەكانى حەمدانیەوە بكات، بۆ ئەوەی دووبارە دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرێت، بۆیە هەرگیز ئەم پێشێلكارییانە قبوڵ ناكەین.

ئەوەشی خستە ڕوو، هەمووان دەزانین ڕۆڵی پەدەكە لە دەشتی نەینەوا چی بووە، لە ساڵی ٢٠١٤دا هاوكاری چەتەكانی داعش بووە لە ناوچەكەدا، كە بووە هۆی داگیركردنی ناوچەكە لەلایەن داعشەوە، كە لە ئەنجامدا خەڵكی دەشتی نەینەوا بوونە قوربانی و ئاوارەبوون، بەداخەوە پەدەكە خێزانەكانی دەشتی نینەوای بەجێهێشت.

دەشڵێت، ئەمڕۆ  لەگەڵ هەموو براكانمان لە هۆزە عەرەبەكان لە پارێزگاری نەینەوا، کە ڕۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە پاراستنی خەڵكی ناوچەكە و پێشكەشكردنی یارمەتی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان.

ڕوونیشی كردەوە، لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكەن، لە دژی هەندێك دامەزراوە و كەناڵی، كە هەوڵی درووستكردنی کێشەى تائیفی و تێكدانی پێكەوەژیان دەدەن.

جەختیشی كردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە كردووە و ئەو كەسانەی، كە كەمتەرخەم بوون لە كارەكانیان دووری خستووەتەوە، هەروەها ئەم دۆسیەیە دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی و ئەوان كاری خۆیان دەزانن و ئێمە متمانەیەكی زۆرمان پێیانە.

وتیشى، خەڵكی پارێزگای نەینەوا بە پێكهاتە جۆراوجۆرەكانیەوە هاوکارییەکى بەهێز لە نێوانیان هەیە و سێ ڕۆژ لە مەوبەر بینیمان چۆن براكانمان لە عەشیرەتە عەرەبیەكان، شەبەك، توركمان، ئێزیدی و كاكەییەكان، كە هەموویان هەستان بە هاوكاری برا مەسیحییەكانیان، ئەمە پەیامێكی جوانی پێكەوەژیانە.

ڕەیان كلدانی وتیشی، كاتێك پەدەكە دەشتی نەینەوای كۆنترۆڵ كردبوو، شێخی عەشیرەتە عەرەبەكانمان نەیاندەتوانی بە بازگەكانی پەدەكەدا تێبپەڕن، هەمووان ئەوە باش دەزانن، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان هەوڵدەدەن چاویان لەسەر ئەوەی ڕوویداوە دابخەن.

لە كۆتاییدا باسی لەوە كرد، ئێمە لە هیچ لایەنێك، تەنانەت لە پیاوانی ئاینیش قبوڵ ناكەین، كە بازرگانی بە خوێنی شەهیدەكانمانەوە بكەن، هەروەها قسەم لەگەڵ پیاوانی ئاینی مەسیحیش كردووە، دەڵێن، با ڕێكارە یاساییەكان ڕێڕەوی خۆیان بگرنە بەر، ئەگەر هەر كەسێك تاوانبارە با لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.