ئاژانسی ڕۆژنیوز سەرپێچییەکی دیکەی سەلامەتی لە هۆڵەكەی حەمدانییە ئاشكرا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هۆکاری درووستبوونی ئاگری هۆڵی ئاهەنگێڕانەکەی شارۆچکەی حەمدانییە، ئاژانسی ڕۆژنیوز لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا هەبوونی سەرپێچییەکی دیکەی سەلامەتی ئاشکرا دەکات، کە ئاستەنگ بووە بۆ بەدەمەوەچوونی بەپەلە و ڕزگارکردنی هاوڵاتییەکان.

دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ئەمڕۆ پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی هۆڵە سووتاوەكەی حەمدانییەی كرد، لە ئەنجامدا تێبینی هەبوونی سەرپێچی سەلامەتییەکی دیکەی کرد لە هۆڵەکەدا.

لە ئەنجامدا لە بەشی پشتەوەی هۆڵەکە تێبینی هەبوونی چاڵێکی گەورەی کردووە، کە گشت ئاوی ئاوەڕۆی هۆڵەكەی تێدا كۆبووەتەوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە و هیچ مەرجێكی سەلامەتی لەبەرچاو نەگیراوە، جێگەی سەرەنجە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەی وەزارەتی ناوخۆ ئەو سەرپێچیە باس نەكراوە.

نەمرود ئیلیا، شایەتحاڵێكی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەیە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئێمە هاتین بۆ ڕزگاركردنی قوربانییەكانی هۆڵەكە، بڵێسەی ئاگر و دوكەڵەكە بەسەر سەرمانەوە بوو، هەوڵمدا لە یەکێک لە دەرگاکانەوە بچمە ژوورەوە بەڵام داخرابوو، گوێشمان لە هاوار و بانگی خەڵکەکە بوو کە داوای هاوکاریی و ڕزگارکردنیان دەکرد، بەڵام هیچ ڕێگەیەک نەبوو تا لێوەی بچینە ژوورەوە یاخود ڕزگاریان بکەین، دواتر کەرەستەی پێوویستمان پێگەیشت، کە دیواری بەشی پشتەوە بروخێنین.

دەشڵێت، هەوڵماندا لە پشتەوەی هۆڵەكەوە دیوارەكە بڕووخێنین و قوربانییەكان ڕزگار بكەین، بەڵام دوو چاڵی گەورە لە پشت هۆڵەكەوە هەبوو، ئەمەش ڕێگر بوو لە بەردەم كارەكانمان، كە لەلایەن ستافی هۆڵەكەوە درووستكرابوو، بەبێ ئەوەی پڕی بكەنەوە، ئەمەش سەرپێچییە.

ساكینە محەمەد عەلی، سەرۆكی تیمی فریاگوزاری لە ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی ئاسایشی نیشتمانیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەو ڕووداوەی لە حەمدانییە ڕوویدا بە شێوەیەكی سەرەكی بەهۆی نەبوونی چاودێری و بەدواداچوون بۆ گرفتەكانی هۆڵەكە بووە لەلایەن دەسەڵاتی ئیداریەوە، چوونكە كاتێك مۆڵەتی بیناسازی دەدرێت بۆ درووستكردنی پڕۆژەیەکی لەم جۆرە، دەبێت لیژنەیەكی بەدواداچوون هەبێت تا بەدواداچوون بكات، بۆ ئەوەی بزانێت شوێنەكە گونجاو یان نا، یاخود مەرجی سەلامەتی تێدایە.

دەشڵێت، ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵی هاوسەرگیرییەكەی حەمدانییە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت، بەهۆی چاوچنۆکی لایەنە بە رپرسەكانەوە خۆشی گۆڕا بۆ شین.

شەوی ٢٦یـی ئەم مانگە لە شارۆچكەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای موسڵ، لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیرییدا، بەهۆی هەڵدانی یارییە ئاگرینەكانەوە لە ناو هۆڵی “ئیبن هەیسەم” ئاگرێك كەوتەوە و بەهۆیەوە ١١٣ كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٨٢ كەسی دیكەش برینداربوون.

هـ.ئ

Comments are closed.